گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

منداڵێکى یەک مانگى و خانویەکى نوێ

دوایین ساتەکانى ئەو پۆلیسەى لەکافتریایەکى سلێمانى خۆى کوشت

2020.12.01 - 15:47
دوایین ساتەکانى ئەو پۆلیسەى لەکافتریایەکى سلێمانى خۆى کوشت

ناس کورد-

برا و کەسە نزیکەکانى چاوەڕوانى ئەوە بوون هۆشمەند بگەڕێتەوە ماڵەوە تا پێکەوە ماڵەکەى بۆ بگوازنەوە بۆ خانویەکى نوێ، بەڵام توشى شۆک بوون کاتێک هەواڵى خۆکوشتنی هۆشمەندیان پێ راگەیەنرا.

 

رۆژى یەکشەممە (30ی تشرینی دووەمی2020) دواى تەواوبوونى لەدەوامى فەرمى لە بەرگرى و فریاکەوتنى سلێمانى، هۆشمەند و کۆسرەتى براى تا ئێوارانێکى درەنگ بەیەکەوە لە بازاڕ سوڕانەوە، بەبێ ئەوەى کۆسرەت هەست بەهیچ گرفتێک بکات.

 

دواى دوو کاتژمێر کۆسرەت پەیوەندى بە هۆشمەندەوە کرد کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەى پێکەوە بچن ئەو خانوە پاک بکەنەوە کە بڕیاربوو بچێتە ناوییەوە، تا دواتر ماڵەکەى بۆ بگوازنەوە، ئەویش تەنها پێی وت کە دەگەڕێتەوە و تەلەفۆنەکەى داخستەوە.

 

کۆسرەت (1ى کانونى یەکەمى 2020) بۆ "ناس کورد" ى گێڕایەوە کە دواى نیو کاتژمێر لەو پەیوەنییە تەلەفۆنییە هەواڵى پێدراوە کە براکەى فیشەکێکى ناوە بەسەرى خۆیەوە.

کۆسرەت بەپەلە خۆى گەیاندە شوێنى رووداوەکە کە کافتریایەکە لەگەڕەکى مەڵکەندى سلێمانى و بەزۆرى خۆى و کۆسرەت و کەسە نزیکەکانیان سەردانیان دەکرد.

 

ئەو کەسانەى لە شوێنەکە بوون وتویانە کە تەلەفۆنێکى بۆ چووە و دواتر کۆسرەت یەکسەر خۆى کوشتووە، هۆشمەند دەڵێت سەیرى مۆبایلەکەیان کردووە و دەرکەوتووە کە دوایین تەلەفۆن ئەوەى ئەو و خێزانى و دایکى بووە و کەسى تر پەیوەندى پێوەنەکردووە.

 

لەگەڵ روودانى رووداوەکە کەسێک کە لەو شوێنەکە بووە پۆلیسى ئاگادارکردووەتەوە، پۆلیسیش سێ لە هاورێکانى دەستبەسەر کردووە کە لە کافتریاکەدا پێکەوە بوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکات.

 

بەڵام کۆسرەت دەڵێت دادگا رونیکردووەتەوە کە رووداوەکە هیچ دەستێکى لەپشتەوە نەبووە و براکەى هیچ کێشەى نییە و خۆى بڕیارى خۆکوشتنیداوە "جگە لەم موچە دواکەوتنە هیچ کێشەیەکى دیکەى نەبوو". 

هۆشمەند کە تەمەنى لە سییەکاندایە ماوەى شەش ساڵ بوو هاوسەرگیرى کردبوو، دوو منداڵى هەبوو، کچێکى پێنج ساڵان و کوڕێک کە تەمەنى تەنها یەک مانگە.

 

کۆسرەت دەڵێت پۆلیس پێی وتوون کە براکەى بە دەمانچەکەى خۆى، خۆى کوشتووە.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی (30ی تشرینی دووەمی2020)  بە "ناس کورد"ی راگەیاند، لەو کافتریایە دوو کەسی دیکەی لێبووە، کاتێک هۆشمەند بە دەمانچەیەکی جۆری "تورکی" فیشەکێکی ناوە بەخۆیەوە و خۆی کوشتووە.  

 

جگە لە کارکردن لە بەرگرى و فریاکەوتن، هۆشمەند لەدواى دەوامى سەرقاڵى کارى گەچکارى بوو، بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانى خێزانەکەى.

 

هاوڕێیەکى نزیکى هۆشمەند بۆ "ناس کورد" ى گێڕایەوە کە، هۆشمەند رۆژانە کە لەدەوام دەگەڕایەوە لەگەڵ ئەوان کاریکردووە و هیچ کێشەیەکى نەبووە.

 

وتیشى "بڕیاربوو ئەو ئێوارەیەى کە ئەو کێشەیەى بەسەردا هات پێکەوە ماڵەکەى ببەینە ئەو خانووە تازەیە، بەڵام لەپڕ تەلەفۆنمان بۆ کرا کە کۆتایی بەژیانى خۆی هێناوە".