گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو کاندیدى بەهێز

وادەى دیاریکردنى جێگرەوەى فرسەت سۆفى دیاریکرا

2020.12.01 - 15:37
وادەى دیاریکردنى جێگرەوەى فرسەت سۆفى دیاریکرا

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشکرایکرد، دوای چلەی ماتەمینی فرسەت سۆفی، ئەنجومەنی پارێزگا دەستدەکات بەڕێکارەکانی دانانی پارێزگارێکی نوێ و هەربەربژێرێک لەلایەن پارتی یەوە پشتگیری لێ نەکرێت ناتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت.

 

عەلی ڕەشید، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" ( 1ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند "بڕیارە دوای چلەی ماتەمینی خوالێخۆشبوو فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر، ئەنجومەنی پارێزگا دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگاری شارەکە بکاتەوە".

 

 وتیشی "بەپێی بڕگەی 3 لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە ساڵی 2009دا  هەموارکراوەتەوە، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆماوەی 15 ڕۆژ دەرگای خۆکاندیدکردن  بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر دەکاتەوە ولەوماوەیەشدا سیڤی ئەو کەسانە وەردەگرێت کە بەنیازن خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری شارەکە کاندید بکەن".

 

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، "پارتی زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێکدەهێنیت، بۆیە پارتی مافی خۆیەتی پارێزگاری داهاتوو بۆ شارەکە دیاری بکات، لایەنەکانی دیکەش مافی ئەوەیان هەیە کاندیدخۆیان بۆ ئەو پۆستە دیاری بکەن، بەڵام ئەو کاندیدەی پارتی پشتگیرنەکات ناتوانێت پۆستەکە وەربگرێت".

 

 لە ( 17ی تشرینی دووەمی 2020) فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە ئەنقەرەی پایتەخی توركیا بە کۆرۆنا گیانیلەدەستدا و رۆژی 19ی11 تەرمەكەی هێنرایەوە هەولێر و لە گۆرستانی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر بە خاكسپێردرا، لەگەڵ تووشبوونی فرسەت سۆفی-ش بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ كاروباری ئیداری كارەكانی ئەوی راییدەكرد .

 

بەگوێرەی ئەوزانیارییانەی کە دەست " ناس کورد" کەوتووە، هێمن قادر، جێگری ئێستای پارێزگاری هەولێر و ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دوو بەربژێری سەرەکی پارتین بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری شارەکە.