گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوارى باوکى لە ناس کوردەوە

چیرۆکى لاوى؛ لەچاوەڕوانى گۆڕینى دڵیدا چاوەکانى لێکنا

2020.12.01 - 14:36
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکى لاوى؛ لەچاوەڕوانى گۆڕینى دڵیدا چاوەکانى لێکنا

ناس کورد-

دواى مانگێک و چوار رۆژ مانەوەى لە ژورى چاودێرى لە نەخۆشخانە، دواجار لاوى ئومێدى تەمەن 10 ساڵان بەدیار فرمێسکى باوکییەوە چاوەکانى لێکنا و بۆ دواجار ماڵئاوایی لێکردن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لاوى دوو ساڵ لەمەوبەر بەشێوەیەکى کتوپڕ توشبوونى بە کێشەى دڵ بە خانەوادەکەى راگەیەنرا و تاکە چارەسەریش کە بۆى دانرا گۆڕینى دڵى بوو، بەڵام پێش ئەوەى ئەو نەشتەرگەرییەکەى بۆ بکرێت گیانى لەدەستدا.

 

ئومێد باوکى لاوکى بۆ "ناس کورد" ى گێڕایەوە، کە کوڕەکەى تا تەمەنى هەشت ساڵى هیچ کێشەیەکى نەبووە، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر پزیشکەکان وتویانە کە دڵى کونە و دەبێت دڵێکى دیکەى بۆ بچێرێت.

 

ئەو هەواڵە ئومێدى توشى شۆک کرد، بەڵام بڕیاریدا نەوەستێت تا بەهەر شێوەیەک بووە چارەسەرى جگەرگۆشەکەى بکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەرچى پارەى هەبوو خەرجیکرد.

 

ئومێد بەمەبەستى چارەسەر لاوى بردووەتە ئیسرائیل و ئێران، بەڵام بەبێ ئومێدى گەڕایەوە دواى ئەوەى لاوى چارەسەر نەکرا، تا ناچار بوو زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر لە نەخۆشخانەى مندڵانى د.جەمال تاهیر لە سلێمانى بیخەوێنێت.

 

پزیشکەکان ئومێدیان ئاگادارکردەوە کە تاکە چارەسەر گۆڕینى دڵی لاوییە لە ئەڵمانیا، ئەوەش تێچوییەکى زۆرى تێدەچێت، بۆیە هەڵمەتێکى کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ راگەیەنرا.

 

ئومێد وتى "شتێکى وامان بۆ کۆنەکرایەوە، ئەوەى کۆکرایەوە 30 وەرەقەیەک بوو کە بۆ خەرجییەکانى نۆرینگە و نەخۆشخانە خەرجمانکرد".

 

وتیشى "دەبوو لە ئەڵمانیا دڵى بۆ بگۆڕدرێت، بەڵام فریا نەکەوتین نەخۆشیەکە دابووى لە جگەر و گورچیلەى و گیانى لەدەستدا".

 

گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کاتێک لەسەر تەختى نەخۆشخانە کەوتووە و سەڵاوات لێدەدات کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا و لاوى زیاتر پێ ناسرا، دواى مردنیشى ئەو ڤیدیۆییە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنى.

بەدرێژایی چەند مانگى رابردوو کەسوکار و خێرخوازان لەچەندین دەرگایاندا بۆ کۆکردنەوەى ئەو بڕە پارەیەى پێویست بوو لاوى پێ چارەسەر بکرێت، بەڵام بێ ئەنجام بوو.

 

ئومێد دەڵێت "پارەکەمان لەدەستدا نەبوو، هانامان بۆ هەرکەس دەبرد نەدەهات بەهانامانەوە بۆ پێدانى ئەو بڕە پارەیە، تا واى لێهات ئەمشەو گیانى لەدەستدا، پێویستە حکومەت فریاى ئەو کەسانە بکەوێت کە نەخۆشى دەگمەنیان هەیە".

 

دەشڵێت، چیان هەبوو لەدەستیاندا بۆ چارەسەرى کوڕەکەى، دواجاریش کوڕەکەیان لەدەستچوو.