گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’مەسرور بارزانیش دەتوانێت ڕێگری لێ بکات’’

عەلی حەمە ساڵح: بەبێ هاوسەرۆکانی یەکێتی هیچ کەسێک بۆی نییە قاچاخچیەتی بکات

2020.11.30 - 23:09
عەلی حەمە ساڵح: بەبێ هاوسەرۆکانی یەکێتی هیچ کەسێک بۆی نییە قاچاخچیەتی بکات

ناس کورد-

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەبێ هەردوو هاوسەرۆکانی یەکێتی هیچ کەسێک ناتوانێت لە سنورەکانەوە قاچاخچیەتی بکات و جەختی دەکاتەوە "مەسرور بارزانی دەتوانێت لە هەولێر و دهۆک قاچاخچیەتی ڕابگرێت."

 

عەلی حەمە ساڵح لە میانی بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵی ڕووداوی نزیک لە سەرۆکى هەرێم کە ناس کورد بینیویەتی (30ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی ئێستا دەسەڵاتی هەیە لە سنوری هەولێر و دهۆک، "ئەو دەتوانێت سەرجەم خاڵە سنورییەکانی سوریا، کۆمپانیاکانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دابخات و قاچاخچیەتی کۆتایی پێبهێنێت."

 

باسی لەوەشکردووە، "لەولاش، بەبێ هەردوو هاوسەرۆکانی یەکێتی، کەس بۆی نییە یەک قاچاخی و سەرپێچی بکات لە مەرزەکاندا، ئەوان ئەتوانن ڕێگری لەوە بکەن."

 

عەلی حەمە ساڵح دەشپرسێت، "بۆ نایکەین؟!"


ئەو باسی لە چۆنیەتی بردنی باری قاچاخ کرد و وتی، "ژمارەی هەموو ئۆتۆمبێلەکان دەدرێتە هەموو ئەو هێزانەى لە خاڵە سنورییەکاندا هەن، پێی دەوترێت باری تەنسیق (هەماهەنگی)یە، لە خەتی ئاسایشەوە ڕێگەیان بۆ دەکەنەوە چونکە ژمارەی تابلۆکان هەیە، لە هەموو بازگەکان تێدەپەڕن، هیچ بەڵگەنامەیەکیشیان پێ نییە، هێزەکە دەڵێت باری تەنسیقە بڕۆن، کە دێتە سلێمانی دوو شوێن هەیە، یەکێکیان لە خوار گەڕەکی وڵوبەوە، ئەوی تریان نزیکی تانجەرۆیە."

 

جەخت دەکاتەوە کە "من دوێنێ خۆم بە ڤیدیۆوە چوومە سەر بارە قاچاخەکان."

 

هێمای بۆ ئەوەشکرد کە "پڕۆژەی هەزار حەوزی ماسی لە کوردستان شکستی هێناوە بەهۆی ئەوەى ماسی قاچاخ لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت."

 

عەلی حەمە ساڵح وتیشی، "بەهۆی مانگا و بزن و مەڕی سوری و ئێرانی و تورکی ئاژەڵدارەکانی هەرێم زیان دەکەن، ئەوەى پەتاتە بکات زەرەر دەکات چونکە هەمووی بە قاچاخ دێت."