گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’100 جار پێیدا دەچینەوە’’

وەڵامێکى توند لە یەکێتییەوە بۆ پارتى: ئەوە ئەرزو و ئەوە گەز

2020.11.30 - 21:58
App store icon Play store icon Play store icon
وەڵامێکى توند لە یەکێتییەوە بۆ پارتى: ئەوە ئەرزو و ئەوە گەز

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، ئەوان باکیان نییە بە پێداچونەوە بە رێککەوتنى سیاسیان لەگەڵ پارتى و ئەگەر ئەو حزبە ئەوەى دەوێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لوقمان وەردى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى (30ی تشرینی دووەمی 2020) کە "ناس کورد" بینیویەتى وتى "زۆر بەلامەوە سەیرە کە سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى باسى لە پێداچونەوە کرد بە رێککەوتنى سیاسی لەگەڵ یەکێتى".

 

وتیشى "پێداچوونەوە بە چى دەکەن، ئێمە هیچ پشکێکمان بەخێر وەرنەگرتووە و پارتى خاوەنى ئەو وڵاتە و حکومڕانى نییە، بەڵکو ئەم حکومەتە پێکهاتووە لە سێ هێزى سەرەکى بەپێی رێککەوتنێکى سیاسی".

 

لوقمان وەردى باسى لەوەشکرد "پێداچونەوە دەکەن بە رێککەوتن، فەرموون بابێن 100 جار پێیدا دەچینەوە، ئێمە لەسەر داواى خەڵک سازش ناکەین، ئەوە ئەرزو و ئەوە گەز، ئێمە باکمان بەوە نییە".

 

لەدواى ئاڵۆزییەکەى ئەمڕۆى دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان، بەرپرس و پەرلەمانتارانى پارتى هێرشى توندیان کردە سەر یەکێتى و گۆڕان و تۆمەتباریانکردن بەوەى پێیەکیان لە ئۆپۆزسیۆنە و پێیەکیشیان لە دەسەڵات، هەروەها جەختیان لە پێداچونەوە بە رێککەوتنیان لەگەڵ ئەو دوو حزبە کردەوە.

 

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ لە ناو هۆڵی پەرلەماندا ڕوویدا، پارتی بیری لە بژاردەی پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنە سیاسییەکانی دەکات لەگەڵ  یەکێتی و گۆڕان، دەشڵێت، نابێت ئەو ڕێککەوتنانە کە پێشتر واژۆکراون تەنها بۆ وەرگرتنی پۆست و پشک بێت لەناو حکومەتدا.  

  

زانا مەلا خالید لە لێدوانێکدا بە "ناس کورد"ى (30ی تشرینی دووەمی 2020) ڕاگەیاند، "لەسەر بنەمای سیاسی و هاوبەشیی لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەنێوان پارتی لایەنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕاندا کراوە، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا هەموولا هاوڕابوون لەسەر پارێزگاریکردن لە ئارامی ناوهۆڵی پەرلەمان".  

  

وتیشی، "ئەمڕۆ یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان پێشێلی ئەو ڕێککەوتنەیان کرد و بەشداربوون لە تێکدانی ئارامی وسەقامگیری ناو هۆڵی پەرلەمان، بۆیە لە ئێستادا پارتی  بیری لە بژاردەی پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنە سیاسیاندا دەکات".  

  

پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختیکردەوە "ناکرێت ڕێککەوتن تەنها بۆ وەرگرتنی پشک وپۆست بێت لە ناو حکومەتدا دواتریش ئەو دوولایەنە کە خۆیان بەشدارن لە جومگەکانی وئیدارەدانی حکومەتدا خۆیان وەک بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن نیشانبدەن وخۆیان بە خەمخۆری میللەت بزانن لەسەر حیسابی پارتی".