ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، هێزێکى پێشمەرگە بەهاناى ژمارەیەک سەربازى عێراقییەوە چووە لە بازگەى کارێزی سەربە قەزاى کفرى و رێگریان کردووە لەوەى ژمارەیەک شۆفێرى ناڕازیی سەربازەکان چەک بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کفری (30ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد" ڕاگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ نزیکەی 150 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ویستویانە لە بازگەی کارێز کە دەکەوێتە نێوان ناحییەی جەبارەی سەر بە قەزای خانەقین و قەزای کفری تێپەڕبن بەرەو ناو قەزاکە، بەڵام لەلایەن هێزێکی سوپای عێراقەوە کە لە بازگە جێگیراوە ڕێگریان لێکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "شۆفێرەکان وەک ناڕەزایەتییەک ئۆتۆمبێلەکانیان لە ناو بازگەکەدا کوژاندوەتەوە و گرژی دروست بووەو شوفێرەکان ویستوویانە سەربازەکان چەک بکەن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە چون بە هانایانەوە و بەرگریان لە سەربازەکان کردووە نەیانهێشتووە چەک بکرێن".
بەوتەی سەرچاوەکە، لە ئێستادا بازگەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە داخراوە ڕێگە بە هاتوچۆی هاووڵاتیانیش نادرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەبیانووی نەبوونی خاڵی گومرکی لەبازگەی کارێز، بازگەکە بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕووی بارهەڵگرەکان داخرا، بەڵام مانگێک لەمەوبەر بەهۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی شارەکەوە بازگەکە بەڕووی هاتوچۆی ئەو بارهەڵگرانە کرایەوە.