ناس کورد-
بەرپرسى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى لە هەولێر رایگەیاند، ناکرێت یەکێتى و گۆڕان پێیەکیان لە ئۆپۆزسیۆن و پێیەکیشیان لە حکومەت بێت و مانەوە بەو جۆرە کارێکى قورسە.
کاکەمین نەجار لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى (30ی تشرینی دووەمی 2020) کە "ناس کورد" بینیویەتى رایگەیاند "دۆخەکە بەم هات و هاوارەى ناو پەرلەمان چارەسەر نابێت، دەبێت پێکەوە بەرپرسیارێتى هەڵبگرین نەک لەلایەک ئۆپۆزسیۆن بیت لەلایەن لە حکومەتدا بیت".
باسى لەوەشکرد، ناکرێت لەلایەک وەزیرى داراییت هەبێت لەلایەکى دیکەش هات و هاوار بکەیت "ئێوە لەبەرەى گەلن ئەى ئێمە لەبەرەى کێن، زۆرینەى کورسییەکان هى ئەمەیە کەخەڵک دەنگى پێداوین، ناکرێت تۆ لایەن ئۆپۆزسیۆن بیت و لەلایەک لەگەڵمان بیت ئەوە کارێکى زەحمەتە".
کاکەمین نەجار باسى لەوەشکرد، زۆریان زیان لەو دۆخە کردووە، ئەگەر هەموویان یەکدەنگ بن و پێکەوە بایکۆتى پڕۆسەى سیاسی بکەن لە عێراق حسابێکى زیاتریان بۆ دەکرێت.