گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’وەک گای ناو جۆگەیان لێهاتوە’’

شاسوار عەبدولواحید دوو پەیام بۆ یەکێتی و گۆڕان دەنێرێت

2020.11.30 - 20:12
شاسوار عەبدولواحید دوو پەیام بۆ یەکێتی و گۆڕان دەنێرێت

ناس کورد-

سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەی نوێ دوو پەیام ئاڕاستەی یەکێتی و هێزە بەشدارەکانی حکومەت و چوار پەرلەمانتارەکەى جوڵانەوەکەى لە پەرلەمان دەکات و دەڵێت، "یەکێتیی و ئەو هێزانەی بەشدارن لە حکومەتدا، وەک گای ناو جۆگەیان لێهاتوە، لەمبەر و لەوبەریش دەخۆن(چونکە هەردوبەری تامی خۆشە)."   

 

شاسوار عەبدولواحید لە پەیامێکیدا کە لە فەیسبوکی خۆی بڵاوی کردووەتەوە و ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (30ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، "دەبێت یەکێتیی و ئەو حیزبانەی کە لەحکومەتدا بەشدارن و شەریکی پارتیین بزانن کاتێک پێیەکتان لە ناو دەسەڵاتە و لە حکومەتدا شەریکن، وە پێیەکەی ترتان لە ئۆپۆزسیۆندایە، ئەمە لای خەڵک روون و ئاشکرایە و دەستەکەتان کەشفە، هەموو خەڵک دەزانن کە نزیکی هەڵبژاردنین و ئەمە هیچ قیمەت و بەهایەکی نییە."

 


دەشڵێت، "ئێوە ئەگەر راست دەکەن لەم حکومەتە فاشیلە بکشێنەوە و دەستبەرداری ئەو هەمو پۆستە باڵا و وەزیر و بریکاری وەزیر و بەرێوەبەری گشتیی و پارە و دەسەڵاتە ببن، یاخود ئەم کارەی دەیکەن هیچ کاریگەرییەکی نییە و خەڵکی کوردستان چاک دەزانن کە ئێوە شەریکی دزییەکانی پارتین و پشکتان هەیە حەقی شاگردێتییەکەتان."


شاسوار عەبدولواحید "سەبارەت بە پەرلەمانتارە ئازاکانیش" لە جوڵانەوەکەى خۆی دەڵێت، "ئەوە بەراستیی ئافەرین بۆ ئەم چوار پەرلەمانتارە ئازایەی نەوەی نوێ و هەموو پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن کە ئەمرۆ هەڵوێستیان هەبوو."


باسی لەوەش کردووە، ئەم چوار بەرێزە سەلماندیان کە مانەوە و بەردەوامبوون و هەڵوێستوەرگرتن بە ژمارە نییە، رەنگە سەرەتا کەم بن، بەڵام بە هۆی بەردەوامیی و کاریگەریتانەوە دڵنیابن وردە وردە بەرەکەتان فراوان دەبێت و ئەوەتا ئەمڕۆ چەندین پەرلەمانتاری تری ئازا هەمان هەڵوێستی پێشووی ئێوەیان هەبوو، بە چوار کەس لە ناو پەرلەمان توانیتان گۆڕانکاری دروست بکەن، ئەمەیە ئیرادە و بەردەوامبوون."