ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ لە ناو هۆڵی پەرلەماندا ڕوویدا، پارتی بیری لە بژاردەی پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنە سیاسییەکانی دەکات لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان، دەشڵێت، نابێت ئەو ڕێککەوتنانە کە پێشتر واژۆکراون تەنها بۆ وەرگرتنی پۆست و پشک بێت لەناو حکومەتدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زانا مەلا خالید لە لێدوانێکدا بە "ناس کورد"ى (30ی تشرینی دووەمی 2020) ڕاگەیاند، "لەسەر بنەمای سیاسی و هاوبەشیی لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەنێوان پارتی لایەنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕاندا کراوە، لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا هەموولا هاوڕابوون لەسەر پارێزگاریکردن لە ئارامی ناوهۆڵی پەرلەمان".
وتیشی، "ئەمڕۆ یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان پێشێلی ئەو ڕێککەوتنەیان کرد و بەشداربوون لە تێکدانی ئارامی وسەقامگیری ناو هۆڵی پەرلەمان، بۆیە لە ئێستادا پارتی بیری لە بژاردەی پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنە سیاسیاندا دەکات".
پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختیکردەوە "ناکرێت ڕێککەوتن تەنها بۆ وەرگرتنی پشک وپۆست بێت لە ناو حکومەتدا دواتریش ئەو دوولایەنە کە خۆیان بەشدارن لە جومگەکانی وئیدارەدانی حکومەتدا خۆیان وەک بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن نیشانبدەن وخۆیان بە خەمخۆری میللەت بزانن لەسەر حیسابی پارتی".
ئەمڕۆ (دووشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2020)، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی كۆچی گەنجان و پرۆژە یاسای پەروەردە و خوێندن، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ناڕازیبون و داوایانکرد کۆبونەوەکە تەرخانبکرێت بۆ پرسی موچە و دۆخی خەڵکی کوردستان، بۆیە پشێویی کەوتە ناو دانیشتنەکەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش بڕیاریدا دانیشتنەکە هەڵبگرێت.