ناس کورد-
بۆ خۆپارێزى لەپەتاى کۆرۆنا وەزارەتى تەندروستیى عێراق بڕیارى داخستنى سەرجەم فرۆشگا (خواردنگە بچوکەکانى ) ناو قوتابخانەکانى عێراقی دا، وەزارەتى تەندروستى دەشڵێت، پاراستنى قوتابیان ئەرکى لایەنە پەیوەندیدارەکانى ناوخۆ و بیانییشە.
لەلێدوانێکى دا بۆ ڕۆژنامەى سەباح کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، فەلاح قەیسى، بریکارى وەزارەتى تەندروستى و ژینگەى عێراق (دووشەممە 30ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاندووە، وەزارەتەکەیان بەهەموو توانایانەوە هەوڵى پاراستنى قوتابیان دەدەن لە پەتاکە بەتایبەت لەڕێگەى دابینکردنى هۆڵى فراوان و چەند کەرەستەیەکى ترەوە و لەئەگەرى تۆمارکردنى هەر حاڵەتێکدا لەکاتى کردنەوەى دەوامدا ئەوا ڕێو وشوێنى پێویست دەگرنە بەر.
قەیسى دەشڵێت، بەهەماهەنگى نێوان وەزارەتى تەندروستى و نەخۆشخانەکان و وەزارەتى پەروەردە ڕۆژانە پێش گەیشتنى قوتابى بەقوتابخانەکەى پشکینینان بۆ دەکرێت و هەفتانەش دووبارە پشکنین بۆ هەموو قوتابیان دەکرێتەوە.
لەبارەى فرۆشگا (خواردنگەى بچوک)ى ناو قوتابخانەکانەوە، بریکارى وەزارەتى تەندروستی باسى لەوەش کردووە، بڕیارى داخستنى سەرجەم فرۆشگاکانی ناو قوتابخانەکان لەبەغدا و شارەکانى تریش داوە بۆ خۆپارێزى لەپەتاکە و لێپرسینەوە لەهەر قوتابخانەیەکیش دەکەن سەرپێچى ئەو بڕیارە بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هاوکارى چەند ڕێکخراوێک و هاریکارى خێزانەکان هەوڵى دابینکردنى ماسک و پێداویستیەکانى ترى خۆپارێزى بۆ قوتابیان دەدەن.