ناس کورد-
بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق چەند ڕاسپاردەیەکى تایبەت بۆ چارەسەرکردنى دۆخى ئابوورى و کارگێڕى ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، بەربەستە سیاسى و ئەمنییەکان کە بونەتە هۆى گەندەڵى دەبنە گرفت بۆ وەرەقەى چاکسازى کە حکومەت پێشکەشى کردووە.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباح-ى فەرمى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، (30ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاند، ڕاسپاردەکانى تایبەت بەوەرەقەى لیژنەى دارایى زنجیرەیەک لەچاکسازى دەگرێتەوە کە پێکدێت لە 3 تەوەر یەکەمیان پەیوەستە بەزۆرکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجیەکان و دووەمیشیان پەیوەستە بە ڕاستکردنەوەى ڕێڕەوەى سیاسەتى کارگێڕى و سێیەمیشیان پەیوەستە بەسیاسەتى ئابوورى گشتى عێراقەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، وەرەقەى سپى کە حکومەت پێشکەشى کردووە پێویستى بەئیرادە و ئازایەتى و هەروەها بەڕێوەبردنێکى تایبەتمەند هەیە و گرفتەکانى بەردەمیشى لایەنى سیاسى و ئەمنیى و چەند پرسێکى تر کەپوەندى بەگەندەڵیەوە هەیە چونکە وەرەقەى سپى ئامانجى چاکسازییە و بەوەش زیان بەکۆمەڵێک دەگەیەنێت کە سودمەندى دۆخەکەن.
سەفار دەشڵێت، لیژنەى دارایى پێویستیان بەلانیکەم زیاتر لەمانگێک هەیە بۆ شەن و کەوکردنى پڕۆژە یاساى گشتى بودجەى ساڵى 2021.
پێشتریش جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایى بەڕۆژنامەى سەباحى ڕاگەیاند، هیچ زانیارییەک نیە بۆ کەمکردنەوەى دەرماڵەى فەرمانبەران لە بودجەى ساڵى داهاتوودا و حکومەتیش هیچ شتێکى لەبارەى لیستى نوێ موچەوە ڕادەستنەکردووە.