گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پزیشکانى توشى سەرسوڕمان کردوە

ژنێکى 100 ساڵە لەماوەى حەوت مانگدا سێ جار کۆرۆناى بەزاند

2020.11.30 - 08:35
ژنێکى 100 ساڵە لەماوەى حەوت مانگدا سێ جار کۆرۆناى بەزاند

ناس کورد-

زۆرن ئەوانەى لە سەردەمى پەتایەکى مەترسیداردا ژیان و گرتویانە و تێشیان پەڕاندووە، بەڵام توشبوون بە دوو پەتاى جیهانیى لەماوەى 100 ساڵدا شتێکى دەگمەنە بەتایبەتى لەو ماوە دورودرێژەشدا.

 

ڕۆژنامەى میلانۆ کورییرى ئیتاڵى بڵاویکردەوە، ماریا ئۆرسنگیر ئەو ژنە بەتەمەنەیە کە مانگى 7ى ئەمساڵ یادى لەدایکبونى 100 ساڵى تەمەنى کردەوە، بەڵام ئەو ژنە پزیشکانى توشى سەرسوڕمان کردووە و هیچ شیکردنەوەیەکیان بۆ بارودۆخى تەندروستى ماریا نییە.

 

ڕۆژنامەکە باسى لەوەشکردوە، ماریا لە 21ى 7ى 1919 لە يادى يەک ساڵەى کۆتایى هاتنى جەنگى جیهانى یەکەم لەدایک بووە ئەویش لەو کاتەى پەتاى ئەنفلۆنزاى ئیسپانى بڵاوببویەوە کە لەناوبەرترین پەتا بووە لە مێژووى مرۆڤایەتى.

 

لەو سەردەمەدا یەک لەسەر سێى مرۆڤایەتى توشى پەتاکە ببوون، ماریاش بەو تەمەنە کەمەوە یەکێک بووە لە توشبووەکان، بەڵام ماریا لەو پەتایە ڕزگارى بووە و ژیانێکى درێژ ژیا و لە تەمەنى خۆیدا بووەتە خاوەنى 6 منداڵ.

 

ڕۆژنامە ئیتاڵیەکە ئەوەى ئاشکراکردوە، ئەوەى زانایانى توشى شۆک کردوە ماریا لە ماوەى 7 مانگدا 3 جار توشى کۆرۆنا بووە و هەرسێ جارەکەش تێى پەڕاندووە، یەکێک لە کچەکانى ماریا دەڵێت هەرسێ جارەکە دایکى گواستراوەتەوە نەخۆشخانە و چەند نیشانەیەکى هەبووە وەک بەرزبونەوەى پلەى گەرمى، پزیشکەکان تەلەفۆنیان کردوە و باسیان لەوەکردوە کە تووشى سەرسوڕمان بوون لە بەهێزى ماریا بەرامبەر پەتاکە.

 

بەشێک لە مرۆڤەکان بۆ یەکجاریش بەرگەى پەتاکە ناگرن و سەدان کەس کە لەوپەڕى هێز و تەمەنى گەنجیدابوون بەهۆى پەتاکەوە ژیانیان لەدەستدا، بەڵام ماریا جیاواز لە هەمووان لە لەناوبەرترین پەتاکانى جیهان بەهێزترە.