ناس کورد-
ئاژانسێکى ئێرانى وردەکارى کوشتنى موحسین فەخرى زادە ئاشکرا دەکات کە ڕوداوى کوشتنەکە لە فیلمى هۆلیۆد دەچێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسى فارس (یەکشەممە، 29ى تشرینى دووەمى 2020) بڵاویکردەوە، موحسین فەخرى زادە بەیانى ئەو ڕۆژەى کوژرا بە ئۆتۆمبێلێکى گولـلەنەبڕ لەگەڵ ژنەکەیدا لە شارى "رۆستەمکلاى" لە پارێزگاى مازندەرانەوە بەرەو شارى "ئابسەرد" لە ناوچەى دەماوەند چووە و سێ ئۆتۆمبێلى ترى لەگەڵدا بووە کە پاسەوانەکانى بوون.
ڕونیشکراوەتەوە، لەڕێگادا ئۆتۆمبێلى ڕائیدى تیمى پاسەوانى موحسین زادە لە دورى چەند کیلۆمەترێکەوە وەستاوە بۆ پشکنینى ناوچەکە لەو شوێنەى دیاریکراوە، لەو کاتەشدا چەند گولـلەیەک نراون بە ئۆتۆمبێلەکەى زاناکەوە بۆ ئەوەى سەرنجى ڕابکێشن، ئەویش وایزانیوە ئۆتۆمبێلەکە بەر شتێک کەوتووە و دابەزیوە بۆ پشکنینى.
بەپێى گێڕانەوەکان، لەو کاتەدا چەکێکى ئۆتۆماتیکى کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ کراوە و لەسەر ئۆتۆمبێلێکى جۆرى نیسان جێگیرکراوە لە دوورى 150 مەترەوە دەستڕێژى گولـلە لە فەخرى زادە دەکات و دوو گولـلەى بەردەکەوێت، یەکیان بەر کەلـلەکەى و ئەوى تریان بەر پشتى کە بووەتە هۆى بڕینى دڕکەپەتکى.
ئاژانسى فارس ئەوەشى باسکردوە، لەو کاتەدا بەرپرسى پاسەوانەکانى زانا ئێرانییەکە خۆى هەڵداوە بۆ پاراستنى جەستەى زاناکە بەڵام چەند گولـلەیەکیش بەر ئەو کەوتووە، دواى ڕوداوەکەش ئۆتۆمبێلە نیسانەکە کە چەکەکەى لەسەر جێگیرکرابوو تەقێنراوەتەوە.
بەپێی ئاژانسەکە، پرۆسەکە تەنها 3 خولەکى خایاندووە هیچ دەستێکى مرۆیى لەناوچەى ڕوداوەکە نەبووە و بەشدارى نەکردووە و تەنها چەکێکى ئالى لە دورەوە بە کۆنترۆڵ کارەکەى ئەنجامداوە و جگە لە پاسەوانەکەى فەخرى زادە هیچ کەسێکى تر پێوە نەبووە، دواتریش لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە خاوەنى ئۆتۆمبێلە نیسانەکە لە 29ى نۆڤەمبەرى ئەمساڵ ئێرانى جێهێشتووە.
موحسین فەخری زادە زانای دیاری بواری ئەتۆمی و باوکی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، رۆژی هەینی لە تارانی پایتەخت کوژرا و دەستبەجێ وەزارەتی بەرگری ئێران ئیسڕائیلیان تۆمەتبار کرد، بەڵام تائێستا ئیسرائیل و ئێرانیش هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەوە نەداوە.