ناس کورد-
لەیەکەم چاوپێکەوتنیدا لەدواى هەڵبژاردنەکانى وڵاتەکەى، سەرۆکى ئەمەریکا ڕایگەیاند، گەورەترین ساختەکارى لەهەڵبژاردنەکەیاندا کراوە و چەندین ئامێر هەزارەها دەنگى ئەویان بۆ جۆ بایدن گواستووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دۆناڵد ترەمپ، لەچاوپێکەوتنێکیدا کە لەگەڵ کەناڵى فۆکس نیوزى ئەمەریکیدا ئەنجامیداوە و "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە (29ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاند، کەسى وا دەناسێت دوو سێ و تا چوار کارتى دەنگدانیشى لەڕێگەى ئەلیکترۆنییەوە ناردووە و ئەو هەڵبژاردنە ساختە بووە و فێڵ و تەڵەکەى زۆر تێدا کراوە و گەورەترین ساختەکارى بوو لەوڵاتەکەیدا.
ترەمپ دەشڵێت، زیاتر لە 74 ملیۆن دەنگى بەدەستهێناوە و بایدن 80 ملیۆنى بەدەستنەهێناوە و چووەتە سەر زبڵ و خاشاک و کارتى دەنگدانى لەسەر بینووە کە فڕێدراوەتە سەرى.
ترەمپ باسى لەوەش کرد، دەیان بەڵگە و دیکۆمێنتیان لەبەردەستدایە کە ڕاستە قسەکانیان دەسەلمێنێت بەڵام دادوەر و دادگاکان ئەوەیان قبوڵ نەکردووە و دەشڵێت:" ئێمە لەچ وڵاتێکدا دەژین.." ئەوە چۆن هەڵبژاردنێکە..؟
لەبارەى ڕوداوەکەى جۆرجیاشەوە سەرۆکى ئەمەریکا دەڵێت، کارەکانى حاکمى جۆرجیا شەرمەزارانەیە و هەڵە بووە ڕۆژگارێک پشتیوانى لێکردووە.
ترەمپ دەشپرسێت، چۆن بایدن توانى بەسەر هیلارى کلینتۆندا سەربکەوێت و چۆن ئەویش لەئۆباما زیاتر توانیویەتى لەناو ڕەشپێستەکاندا و لە ویلایەتە یەکلابووەکاندا دەنگى زیاتر بەدەستبهێنێت..؟.
ترەمپ دیسانەوە جەختى لەوە کردووە، کەسانى مردوو دەنگیان داوە ئەوە واتاى ئەوەیە کەسانى تر دەنگى لەبرى ئەوان داوە و ئەوەش چیرۆکێکى دوور و درێژە کە ساختەکارى دژى ئیرادەى گەلى ئەمەریکا کراوە.