گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنى کۆمەڵ: شێوازی هەڵبژاردن پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکانە

چۆنێتی هەڵبژاردنی کاندیدە بێ ڕکابەرەکەى پارتی لە ئەلفەوە بۆ یاء؟

2019.05.15 - 20:08
چۆنێتی هەڵبژاردنی کاندیدە بێ ڕکابەرەکەى پارتی لە ئەلفەوە بۆ یاء؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک هەرێم داخرا و لەماوەی دوو ڕۆژدا سەرۆکایەتی پەرلەمان پێداچوونەوە بە ناوی کاندیدەکاندا دەکات و دوای چەند ڕێکارێکی یاسایی نزیکەی حەوت بۆ نۆ ڕۆژی دیکە سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ئەو شێوازی هەڵبژاردنە پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکانە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی ئایاری 2019، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک هەرێم داخرا و هەشت کەس خۆیان پاڵاوتووە بۆ ئەو پۆستە و جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هیج حزبێکی سیاسی کاندیدی بۆ پۆستەکە نییە و جگە لە نێچیرڤان بارزانی سەرجەم کاندیدەکانی دیکە سەربەخۆن. لە ماوەی کەمتر لە 10 ڕۆژدی دیکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێت و هەر هەمان ڕۆژ سوێندی یاسایی دەخوات و مەراسیمێکی گەورەشی بۆ ڕێکدەخرێت. تاڕق جەوهەر، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمانی کوردستان پێداچوونەوە بە ناو و سیڤی کاندیدەکاندا دەکات و ئەو کەسانەی مەرجەکانیان تێدایە قبوڵ دەکرێن و ئەو کەسانەشی مەرجەکانیان تێدا نییە دووردەخرێنەوە". ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، پاش ئەوە، دوو ڕۆژ مۆڵەت دەدرێتە ئەو کەسانەی ناڕازین لە هەڵبژاردنی ناوی کاندیدەکان کە لە دادگای تەمیز تانە  دەرببڕن و داوای پێداچوونەوە بکەن بە بڕیاری دیاریکردنی ناوەکاندا و پاش ئەوە ئەگەر تانە هەبوو دوو ڕۆژ مۆڵەت دەدرێتە دادگای تەمیز بۆ وەڵامدانەوەی تانەکە. تاڕق جەوهەر ڕوونیشیکردەوە، پاش ئەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕۆژێک دیاری دەکات بۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و بە دیاریکراوی لە ماوەی 7 بۆ 10 ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و هەرکەسێکیش خۆی کاندید کردبێت ناوی دەخرێتە دەنگدانەوە. لەپاڵ نیچیرڤان بارزانیدا حەوت کەسی دیکە خۆیان بۆ پۆستەکە کاندیدکردووە، هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "هەشت کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم پاڵاوتووە، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆکی هەرێم، چونکە تا ئێستا 91 دەنگی پەرلەمانتارانی مسۆگەرکردووە و دەنگی پێدەدەم". پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد، لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکەدا نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمان ئامادە دەبێت و پاش هەڵبژاردنیشی لە پەرلەمان وتارێک پێشکەش دەکات و دواتر مەراسیمێکی گەورەی بۆ ساز دەکرێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەنگبداتەوە. لەلایەکیترەوە بە وتەی مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەشێوەی ئاشکرا دەبێت و ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ئەوە دژی بنەما نێوەدەوڵەتییەکانە و لە هەموو دنیادا دەنگدان بۆ ئەو پۆستانە بە نهێنییە. عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لەوبارەیەوە بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە هەموو دنیادا دەنگدان بۆ پۆستە باڵاکان بە نهێنییە و نابێت ئاشکرابێت، بەڵام دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم لێرە بە ئاشكرایە و ئەوەش دژی بنەما نێودەوڵەتییەکانە". کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی دەنگ بەهیچ کاندیدێک نادەن و بەپێی زانیارییەکان نەوەی نوێش بایکۆتی دانیشتنەکە دەکات.. . عەبدولستار مەجید، ئاماژەی بەوەشكرد، بەهیچ شێوەیەک دەنگ بە هیچ کاندیدێکی سەرۆکی هەرێم نادەن، چونکە ئەوان سەرلەبەری یاساکە ڕەتدەکەنەوە و تێبینییەکی زۆریان لەسەری هەیە ، بۆیە نە کاندیدیان دەبێت و نە دەنگ بە هیچ کاندیدێکیش دەدەن. هاوکات شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "ئێمە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنین نە کاندیدمان دەبێت و نە دەنگیش بەهیچ لایەنێکی دەسەڵات دەدەین بۆ وەرگرتنی پۆست". سەبارەت بە جوڵانەوەی نەوەی نوێش، بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناو فراکسیۆنەکەوە، بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەکەن.