ناس كورد-
ڕاوێژکارێکى ئابورى سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، حکومەت سورە لەسەر ڕەوانەکردنى پڕۆژە یاسای بودجەى ساڵى 2021 بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەى پێش کۆتایى ساڵ تێپەڕێت و نەبێتە هۆى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەلێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕى (بغداد الیوم) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، مزەهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکارى ئابورى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق (29ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاند، ئەوەى کە تائێستا بووەتە هۆى نەناردنى پڕۆژە یاسای بودجەى ساڵى 2021 بۆ پەرلەمان بارودۆخێکى سەخت بووە بەهۆى قەیرانى داراییەوە بۆ کۆتاییەکانى ئەمساڵ دواکەوتووە و هەر بۆیەشە حکومەت بەئاستەم کاروبارە داراییەکانى بەڕێوە دەبات.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، کارێکى تر پاڵى بەحکومەتەوە ناوە بۆ ئەوەى پێداچوونەوە بەچەند پرسێکدا بکات لەوانە هەوڵدان بۆ زیادکردنى داهاتى نانەوتى و هەروەها کەمکردنەوەى خەرجى بەڵام ئەوانەش کار و کاتێکى دورودرێژیان دەوێت.
ڕاوێژکارە ئابوریەکەى سەرۆک وەزیران باسى لەوەش کرد، حکومەت سورە لەسەر ئەوەى لەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاسای بودجەى ساڵى 2021 ڕەوانە بکات.
پێشتریش چەند پەرلەمانتارێک هۆشداری ئەوەیاندا دواخستنى پڕۆژە یاسای بودجەى ساڵى 2021 بۆ پەرلەمان دەبێتە هۆى قەیرانێکى ترى دارایى و گرفت بۆ پێدانى موچەى فەرمانبەران دروست دەکات.