گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داواى نوێ لە هەرێم

پێشبینى نوێی لیژنەى دارایی لەبارەى 320 ملیار دینارەکەى بەغدا

2020.11.29 - 18:01
پێشبینى نوێی لیژنەى دارایی لەبارەى 320 ملیار دینارەکەى بەغدا

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بەدوریدەزانێت حکومەتى عێراق لەم هەفتەدا پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەران رەوانەى هەرێم بکات و دەڵێت پێویستە هەرێم هەنگاوى نوێ بگرێتەبەر.

 

شیروان میرزا، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى کە ئەندامى لیژنەى داراییە  (یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2020) بە پێگەى فەرمى حزبەکەى راگەیاندووە، بەغدا خواستى هەیە بڕى 320 ملیار دینارەکە بنێرێت بۆ موچەى فەرمانبەران، بەڵام پێناچێت ئەم هەفتەیە بنێردرێت.

 

وتیشى "حکومەتى عێراق هێشتا شاندى رەوانەى بەغدا نەکردووە، سەرەڕاى تیپەڕینى نزیکەى دوو هەفتە بەسەر تێپەڕاندنى یاساى قەرز لە پەرلەمانى  عێراق".

 

شیروان میرزا جەختیکردەوە کە پێویستە حکومەتى هەرێم هەنگاوى نوێ بگرێتەبەر بە ناردنى شاند بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکان کە دیارترینیان موچەى فەرمانبەرانە.

 

لەدواى پەسەندکردنى یاساى کورتهێنانى دارایی لە پەرلەمانى عێراق و بەستنەوەى ناردنى موچەى فەرمانبەران بە رادەستکردنى نەوتەوە، هەرێم ئامادەیی نیشاندا بۆ ناردنى شاندێک بۆ بەغدا بۆ چارەسەرى کێشەى نەوت و بودجە، بەڵام هێشتا وادەى چونى شاندەکە دیارینەکراوە.