گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی کارەباوە

هەرێم ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر دەکرێت

2020.11.29 - 14:50
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر دەکرێت

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بریارە مانگی داهاتوو بڕی کارەبای  بەرهەمهێنراوی نیشتیمانی نزیکەی 300 مێگاوات زیاد بکرێت، دەشڵێت، لە ئیستادا نزیکەی 120 مێگاوات کارەبا هەناردەی ناوچەکانی خوارووی عێراق دەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" (یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوودا ڕێژەی کارەبای نیشتیمانیی زیاتر بکرێت بە جۆرێک ئاستی بەرهەمهێنان لەسێ هەزار و400 مێگاوات بەرزبکرێتەوە بۆ سێ هەزار و 700 مێگاوات".

 

وتیشی: "بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵەوە، وەزارەتی کارەبا بڕیاریداوە پارێزگاری لە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بکات و خواستی هاونیشتیمانیان لە کارەبا لەم وەرزدا پڕبکاتەوە، بۆیە  بڕیاردراوە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا نزیکەی 100 مێگاواتی دیکە بۆ تۆڕی نیشتیمانی زیاد بکات".

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ لە کۆبوونەوەی وەزارەتدا بڕیار لەسەر چەند ڕێکارێک دەدرێت کە پێشبینی دەکرێت ببێتە بە مایەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەهێنانی کارەبای نیشتیمانی، دەشڵێت: "  پێشبینی دەکەین ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرزبکرێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار و 700 مێگاوات".

 

لەبارەی پێدانی کارەبا بە حکومەتی فیدڕاڵی وتەبێژی وەزارەتی کارەبا وتی: " لە ئێستادا هەرێم نزیکەی 120مێگاوات کارەبا هەناردەی عێراق دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵی لەسەر بودجەی خۆی سوتەمەنی بۆ ئەو یەکەیە دابینکردووە، ئەگەر حکومەتی عێراق داوای ڕێژەیەکی زیاتر لە تەزووی کارەبا بکات ئەوا دەبێت خۆی تێچووەکەی بگرێتە ئەستۆ و نابێت بەهێچ شێوەیەک کاریگەری هەبێت لەسەر پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم".