ناس کورد-
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی و گۆڕان لەم زۆنەدا یان دەبێت لە حکومەت بکشێنەوە، یان لەکاتی تەقینەوەی دۆخەکەدا خەڵک ڕەحمیان پێناکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کازم فاروق لە نوسینێکدا لە پەیجی خۆی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (29ی تشرینی دووەمی 2020) رایگەیاندووە، ھەر بەرپرسێکی یەکێتی دەڵێت، ئاگاداری گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت نین، ئەوا بۆ خۆیان و بۆ سومعەی سیاسیان لای خەڵک زۆر خراپترە وەک لەوەی کە بڵێن ئاگادارن، چونکە ئەگەر ئاگادار بن ئەوا مانای ئەوەیە لە دەسەڵاتدا شەریکن و یەکێتیش نیوەی داهاتەکە دەدزن لەگەڵ پارتی، خۆ ئەگەر ئاگادار نەبن، ئەوا مانای ئەوەیە کە بەرامبەر پارەیەکی کەم شاگردی بۆ پارتی دەکەن و سەرباری ئەوەی ئاگاداری هیچ نین و دەسەڵاتی هیچیان نییە، کەچی هەر بەشدارن لە حکومەتەکەی پارتی بەبێ دەسەڵاتی.
دەشڵێت: "لەناو یەکێتیدا هەموو بەرپرسەکانیان ئاگاداری هەموو شتن و بەشداریشن لە هەموو ئەو نەگبەتییانەی کە لە کوردستان ڕودەدەن، وە کامەشیان راست دەکەن ئاگادار نین، ئەوا یان لە حکومەت بکشێنەوە یان لە حیزبەکەیان بکێشنەوە (ئەگەر دەسەڵاتی کشانەوەیان نییە لە حکومەت)".
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ باسی لەوەشکردووە، "یەکێتی و گۆڕان لەم زۆنەدا یان دەبێت لە حکومەت بکشێنەوە، یان خەڵک رەحمیان پێناکات و لە کاتی تەقینەوەی دۆخەکە و وەکو دەسەڵات مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".