ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بە فەرمی داوایان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە ھاوشێوەی خوێندنی باڵا، كرێی خوێندنی قوتابخانە تایبەتەکان بەڕێژەی %25 کەمبکاتەوە و وەزارەتی پەروەردەش تاووتوێی دەكات و بڕیاری لەبارەوە دەدات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕاهی ڕەهبەر، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان (یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند: "دوای كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگاكان، بە نوسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی پەروەردە كردووە ئەوانیش كرێی خوێندنی قوتابخانە تایبەتەکان بەڕێژەی %25 کەمبکەنەوە."
وتیشی: " وەزارەتی پەروەردە تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە و تاووتوێی پێشنیازەکە دەکەن و چاوەڕێی وەڵامیانین."
ڕاهی ڕەهبەر ڕوونیشیکردەوە، بەدڵنیاییەوە کرێی خوێندن کەمدەکریتەوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت ڕێژەی %25 کەمبکرێتەوە و گەشبینین کە وەزارەتی پەروەردە داواکەیان قبوڵ دەکات بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی.
لەماوەی ڕابردوودا بەفەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان بەڕێژەی %10 بۆ %20.