ناس کورد-
دوای ئەوەی ئەو کەسەی دەوترا کچێکی تەمەن 13 ساڵانی لە بەرامبەر قەرزدا کردووە بە هاوسەری خۆی، ڕوونکردنەوەیدا و وتی، ئەو هەواڵە دوورە لەڕاستییەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان گومانیان هەیە و دەڵێن، بە ئەگەرێکی زۆر ڕووداوەکە ڕاستە و دەیانەوێت بیشارنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2020، لە میانەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لەشاری سلێمانی بەمەبەستی ڕووبەڕبووونەوەی دەستدرێژی بۆسەر ئافرەتان گردبوونەوە.
بەهار مونزیر، چالاکوانانی بواری ژنانبەیاننامەیەکی بۆ ڕاگەیاندنەکان خویندەوە و ڕایگەیاند: "بەداخەوە ئەو کەسانەی دەستدرێژی دەکەنەسەر کچان و ژنان حزبەکان دەیانپارێزن و داڵدەیان دەدەن و بە سزای خۆیان ناگەن."
هاوکات دەربارەی بەشوودانی کچێكی تەمەن 13 ساڵ لەبەرامبەر قەرزدا بە پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ، بەهار مونزیر جگە لەوەی ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە ئاماژەی بەوەکرد: "بە ئەگەرێکی زۆر هەواڵەکە ڕاستە و ڕووداوەکە ڕوویداوە، بەڵام دەیانەوێت بیشارنەوە."
ئەوەش لەکاتێکدا، لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، شەوی ڕابردوو، ئەو کەسەی کە دەوترێت کچەکەی کردووە بە هاوسەری خۆی ڕوونکردنەوەیدا و وتی: "ئەوە کچی هاوڕێیەکمە و هاوسەرگیری کردووە، وەک هەر کەسێکی دیکە چوومەتە ئاهەنگەکەی و وێنەیەکم لەگەڵ گرتووە، بەڵام پەیجەکان بەوشێوەیە بڵاویانکردووەتەوە."
بەهار مونزیر باسی لەوەکرد: "بێگومان کارەکە هێندە قێزەون و ناشرینە، هیچ کەس لە بەردەم کامێرادا ناڵێت وام کردووە و نکۆڵی لێدەکات، بەڵام ئێمە بەو ڕوونکردنەوەیە واز لە کەیسەکە ناهێنین و بەدوایدا دەچین."