ناس کورد-
رۆژنامەیەکى ئەمریکى ئاشکرایکرد، ئیسماعیل قائانى، فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا "هۆشداریی" داوەتە گروپە چەکدارەکان کە دان بەخۆیاندا بگرن و دۆخەکە گرژتر نەکەن و هێرشنەکەنە سەر پێگەکانى ئەمریکا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رۆژنامەى "واشنتن پۆست" ى ئەمریکى لە راپۆرتێکدا کە "ناس کورد" (28ى تشرینى دووەمى 2020) بەدواداچوونى بۆ کردووە لەزارى بەرپرسانى ئەمریکییەوە گواستییەوە، کە ترەمپ هەڕەشەى تۆڵەى توند و بەپەلەى کردووە، ئەگەر هەر ئەمریکییەک لە عێراق بکوژرێت.
ئەو هەڕەشەیە هاوکاتە لەگەڵ کوژرانى دیارترین زاناى ئەتۆمى ئێران لە نزیک تاران. کە ئێران هەڕەشەى وەڵامدانەوەى توند دەکات.
بەپێی رۆژنامەکە، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عیراق لەژێر فشارى بەرپرسانى ئەمریکدایە بۆ زیادکردنى هەڵمەتەکەى دژى گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران، کە موشەکەکانیان چەند جارێک ئەو پێگە دیبلۆماسی و سەربازییانەیان پێکاوە کە ئەمریکییەکان بەکاریدەهێنن.
چەند گروپێکى چەکدار لە تشرینى یەکەمى رابردوودا، هەڵپەساردنى هێرشە موشەکییەکانیان راگەیاند، بەمەرجى ئەوەى بەغدا خشتەیەکى کاتى دابنێت بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا، بەڵام دوو هەفتە لەمەوبەر جارێکى تر هێرشەکان دەستیانپێکردەوە بۆ سەر ناوچەى سەوز و نزیک باڵیۆزخانەى ئەمریکا.
ئاژانسى رۆیتەرز لەزارى بەرپرسێکى ئەمرکییەوە گواستییەوە، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ گەورە راوێژکارەکانى لە کۆشکى سپى هاوکات لەگەڵ هێرشەکانى ئەمدواییە بۆ سەر ناوچەى سەوز، داواى بژاردەکانى هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانى ئێرانى کردووە.
بەڵام بەپێی رۆژنامەى واشنتن پۆست، بەرپرسانى ئەمریکى ئامۆژگارى ترەمپیان کردووە هێرشى پێشوەختە نەکاتە سەر تاران. لە وەڵامیشدا ترەمپ وتویەتى ئامادەیە بۆ دەرکردنى هەر بڕیارێک بۆ وەڵامدانەوەیەکى تێکشکێنەر، ئەگەر هەر ئەمریکییەک بەهۆى هیرشەکانى گروپەکانى سەربە ئێرانەوە بکوژرێت.
دواى چەند رۆژێک لەو کۆبوونەوەیە، وتەبێژى حکومەتى ئێران رایگەیاند هەر جموجۆلێکى ئەمریکى دژى ئێران وەڵامى توند دەدرێتەوە، پاشان ئیسماعیل قائانى فەرماندەى سوپاى پاسداران گەیشتە بەغدا بۆ ئەوەى هانى گروپەکان بدات دان بەخۆیاندا بگرن.
بەپێی "واشنتن پۆست"، قائانى هۆشداریداوەتە گروپە چەکدارە عێراقییەکان لەهەر هەڵکشانێکى هێرشەکان دژى ئامانجەکانى ئەمریکا پێش رۆیشتنى ترەمپ لە پۆستەکەى لە 20 ى کانونى دووەمدا.
یەکێک لە ئامادەبوونى کۆبوونەوەکە وتویەتى، قائانى بە میلیشیاکانى وتووە "تەنها چاوەڕوان بن".
وتەبێژى کەتائیبى حزبوڵا دەڵێت، دان بەخۆداگرتن باشترین رێگەیە بەتایبەتى کە ئیدارەى ترەمپ دەیەوێت هەندێ لە هێزەکانى ئەمریکا بکێشێتەوە.
واشنتن کە بەشێوازێکى لەسەرخۆ هێزەکانى لە ئەمریکا کەمدەکاتەوە، پێشتر هەڕەشەى داخستنى باڵیۆزخانەى کرد لە عێراق، ئەگەر بەغدا کۆتایی بە هێرشە موشەکییەکانى گروپە چەکدارییەکان نەهێنێت.
بەوتەى بەرپرسانى ئەمریکا، ژمارەى هێزەکانى ئەمریکا لە 3000 هەزارەوە بۆ 2500 هەزار کەمدەکرێتەوە لە کانونى دووەمدا.