ناس کورد-
وەزارەتى تەندروستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئامادەکردنى راپۆرتى تایبەت بە هەڵسەنگاندنى دۆخى کۆرۆنا نزیک بووەتەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ئەگەر هەیە دەوامى قوتابخانەکان نەکرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بڕیارە سەرەتاى ئەم مانگە، لیژنەى باڵاى کۆرۆنا لە هەرێم کۆبێتەوە و تاوتوێی هەڵسەنگانەکەى تەندروستى بکات بۆ بڕیاردان لەسەر رێوشوێنە نوێیەکان، لەناویاندا دەوامى قوتابخانەکان.
ئاسۆ حەوێزى، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم (28ى تشرینى دووەمى 2020) بە "ناس کورد"ى راگەیاند، داخستنى قوتابخانەکان و رێوشوێنەکانى دیکە کاریگەرى هەبووە لەسەرکەمبوونەوەى ئامارەکانى توشبوون بە کۆرۆنا، بەڕێژەى %25-30.
وتیشى، "بڕیارى بەردەوامیدان بەداخستن یان کردنەوەى قوتابخانەکان لەلایەن لیژنەى باڵاوە دەدرێت بەڵام ئاماژەکان بەرەو ئەوەن دەوام نەکرێتەوە".
ئاسۆ حەوێزى جەختیکردەوە، ناکرێت بڕیارێک بدەن و دۆخەکە بگەڕێتەوە خاڵى سفر، بەتایبەتى کە ئێستا رەوشەکە بەرەو باشبوون چووە "ئەگەر وانەکەین پشتى لێبکەینەوە زۆر کێشەیە، چونکە بەوتەى تەندروستى جیهانى تا زستان ئەگەرى بەردەستبونى ڤاکسین نییە".
سەرەتای ئەم مانگە، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم بڕیاری دا بە ڕاگرتنی خوێندنی ناو پۆل تاوەکوی 1ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی کۆرۆنا لە خوێندنگا و قوتابخانەکاندا، بەڵام خوێندنی ئۆنلاین بەردەوامە.
تا ئێستا دیار نییە ئەگەر داخستنى دەوامى قوتابخانەکان درێژبکرێتەوە، دەوامى ئەمساڵى خوێندن چۆن تەواو دەکرێت و پەروەردە بژاردەکانى چییە لەو بارەیەوە.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی (25ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "تائێستا ئاگادار نەکراوین لەوەی راپۆرت و پێشنیاری خۆمان لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان ئامادەبکەین و بیدەینە وەزارەت."
سەباەت بە ئەگەری دواخستنی دەوامی قوتابخانەکان و کاریگەی لەسەر پرۆسەی پەروەردە، دڵشاد عومەر وتی "ئەگەر جارێکی دیکە دەوام دوابخرێت دەبێت ڕۆژە پشووەکان سەرجەمی لاببرێت و تاقیکردنەوەکان بخڕێتە وەرزی هاوین و بابەتەکانی خوێندن لە رێگەی بەڕێوەبەرێتی گشتی پرۆگرامەکان و خەڵکی پسپۆڕ، کەم بکرێتەوە بەدەر لە پۆلەکانی 1ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی چونکە دەبێت لەو دوو قۆناغە زۆرترین بابەت بخوێندرێت."