گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نرخی دۆلار و دینار

نرخی دۆلار بەرزبوویەوە و ئەندامێکی لیژنەى دارایش هەوڵی دابەزاندنی نرخەکەى ئاشکرا دەکات

2020.11.28 - 14:16
نرخی دۆلار بەرزبوویەوە و ئەندامێکی لیژنەى دارایش هەوڵی دابەزاندنی نرخەکەى ئاشکرا دەکات

 ناس کورد - کاروان مەحمود

نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراق لە بازاڕەکانی هەرێم و عێراق زیاتر بەرزبوویەوە و ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەوڵ هەیە نرخەکان وەکو پێشتری لێبێتەوە.

 

لە کاتەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە (28ی تشرینی دووەمی 2020)، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرزبوویەوە و بە 125 هەزار و 500 دیناری عێراق مامەڵەی پێ دەکرێت، ئەوەش دوای نزیکەى دوو هەفتە لە جێگیربوونی نرخەکەى لە دەوروبەری 125 هەزار.

 

لەو بارەیەوە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (28ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، سیاسەتی بانکی مەرکەزی وایە کە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بە جێگیری بمێنێتەوە و لە ئێستادا هەوڵەکانیش بۆ ئەوەیە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی وەکو پێشتری لێبێتەوەو لەو نرخەدا جێگیر ببێت.


سەبارەت بەوەی باس کرابوو بەهۆی قەرزەکانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە، رەنگە دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار هاوشێوەی تمەن و لیرە دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی: "بەهیچ جۆرێک مەترسی لەسەر دیناری عێراقی نییە".

 

هاوکات وەزيرى دارايى عێراق پلانێکى ئاشکراکرد بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار بەرانبەر دینارى عێراقى کە ماوەیەکە رووى لە بەرزبوونەوەى بەرچاو کردووە.  

  

عەلى عەلاوى (هەينى 27ى تشرينى دووەمى 2020) لە وتەیەکدا لە کۆنگرەى یەکێتى بانکە ئەهلییەکانى عێراق کە "ناس کورد" بە دواداچوونى بۆ کردووە ڕايگەياند، وەزارەتى دارايى چاكسازى لە سياسەتى دارايى دەكات، ئەوەش لەڕێگەى پەڕەى سپى چاكسازيەوە.  

  

باسى لەوەشكرد، هەوڵى خستەڕووى قەواڵەى دارایی دەدەن بۆ هاوڵاتییان بەبەهاى 3 بۆ 5 مليار دۆلار و كاتێك ئەو قەواڵانە پێشكەش دەكرێن نرخى دينار بەرامبەر دۆلار جێگير دەبێت.  

  

عەلى عەلاوى جەختیکردووەتەوە، كەرتى بانكيى يەكێكە لە گرنگترين كەرتەكان و دەوڵەت كار دەكات بۆ پشتگيريكردنى، ئەويش لەرێگەى جوڵەى ئابورييەوە.  

  

ئەوەشى خستووەتەڕوو، جوڵەى چاكساى ئابوريى ئێستا زۆر جدييە و لە حكومەتەكانى داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.