گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەبوونى بودجە

شاره‌وانی سلێمانی له‌باره‌ی قیرتاوكردنی گەڕەکە نوێیه‌كان رونكردنه‌وه‌ ده‌دات 

2020.11.27 - 18:43
شاره‌وانی سلێمانی له‌باره‌ی قیرتاوكردنی گەڕەکە نوێیه‌كان رونكردنه‌وه‌ ده‌دات 

ناس کورد-کاروان مەحمود 

 

جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، بە بڕیارى وەزارەتى دارایی ناتوانن ئەو پارەیە بۆ قیرتاوکردنى گەڕەکە نوێیەکان بەکاربهێنن کە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت لەکاتى تاپۆکردنى زەوی و خانوەکانیاندا، بۆیە گەڕەکەکان قیرتاو نەکراون.

 

ئاکۆ عەلی جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی (27ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی رایگەیاند، ئەو گەڕەکە نوێیانەی لە شاری سلێمانی دروستبوون و تا ئێستا قیرتاو نەکراون بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستە، هەرکات بودجەی پێویست تەرخانکرا دەست بە قیرتاوکردنی دەکرێت.

 

سەبارەت بە نیگەرانی هاووڵاتیان بەوەی لەکاتی تاپۆکردنی زەوی و خانوەکانیان پارەی قیرانەیان لێ وەردەگیرێت و بەڵام شەقامەکانیان بۆ قیرتاو ناکرێت، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی وتی "ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت و دواتر 17% بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرۆژانە و ئەوەش بۆ ئەمساڵ بەفەرمانی وەزارەتی دارایی راگیراوەو ناتوانین ئەو پارەیە بەکار بهێنین".

 

ئاکۆ عەلی جەختی لەوەشکردەوە، هەرکات وەزارەتی دارایی رەزامەندیدا لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆژەکان و جەرجکردنی بودجەی پێویست دەست دەکرێتەوە بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە.