ناس کورد-
کەشناسێکی دیاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بارانی بچڕ بچڕ تاوەکو کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و ڕۆژی شەوی شەممە دووەم شەپۆلی بارانبارین دەستپێدەکات.
ئاراس جەبار، پسپۆڕی پێشبینیەکانی کەشوھەوا لە پەیجی تایبەتی خۆی کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، "بارانبارینی پچڕ پچڕ و مامناوەند تا کاتەکانی ئێوارەی ئەمرۆ بەردەوامی ئەبێت و لەشەودا کەش ئاسایی ئەبێتەوە ئاسمانی ناوچەکە بە نیمچە ھەوری ئەمێنێتەوە."
دەشڵێت، ئەوە هاوکات دەبێت "لەگەڵ بەردەوامی چالاکی با بە ئاڕاستەی باکور و باکوری ڕۆژھەڵاتەوە بەخێرای 10-25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەتایبەت لەناوچەکانی سنوری (شاخاویەکانی ڕۆژھەڵاتی ھەولێر، ڕاپەرین ، سلێمانی، کەرکوک، گەرمیان) تا ڕۆژی دووشەمە (30ی تشرینی دووەمی 2020) ئەم بایە بە چالاکی ئەمێنێتەوە."
پێشبینی کردووە سبەینێ شەممە ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە ئەگەری بارانبارین نابێت."
لەبارەى قۆناغی دووەمی شەپۆلی بارانبارین، ئاراس جەبار جەختی کردووەتەوە کە "کاتەکانی شەوی سبەینێ شەممە لەسەر یەکشەمە پێشبینی دەکەین شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و ھەورەبروسکە لەسەرچاوەی (کەنداوی عەرەبی)وە بەشێکی ناوچەکانی ھەرێم بگرێتەوە وەک ناوچەکانی سنوری (گەرمیان، سلێمانی، ھەڵەبجە و ڕاپەرین)."
دەشڵێت، "خۆی لە بارانبارینی پچڕ پچڕ و ھەورە تریشقەدا ئەبینێتەوە وە بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا تا کاتی ئێوارەی ھەمان رۆژ بەردەوامی ئەبێت، لەناوچەکانی دیکەی ھەرێم ئەم شەپۆلە کاریگەری لاواز ئەبێت."