گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێکى باڵای عێراقی هۆکاری بڕیاری کشانەوەى کارمەندانی ئەمریکا بۆ ناس کورد ئاشکرا دەکات

2019.05.15 - 14:44
بەرپرسێکى باڵای عێراقی هۆکاری بڕیاری کشانەوەى کارمەندانی ئەمریکا بۆ ناس کورد ئاشکرا دەکات
ناس کورد- لەدوای بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەى ئەو کارمەندانەى باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە بەغدا و هەولێر و بەسرە کە ئەرکی هەنووکەییان نییە و ڕاگرتنى پێدانی ڤیزا بە شێوەیەکى کاتی، سەرچاوەیەکى حکومەتى عێراق باسی هۆکارەکانى پشت ئەو بڕیارەی واشنتۆن ئاشکرا دەکات. بەپێی وتەى سەرچاوەیەکى باڵای حکومەتى عێراق بۆ ناس کورد، "دەزگای ئاسایشی عێراق پلانێکى ئاشکراکردووە کە گروپە ئەکدارییەکان بەنیاز بوون کارمەندانی بە ڕەگەز ئەمریکی لە باڵیۆزخانەکە لە ناوچەکانى کەڕادە و جادریە و مەنسور و حارسیە بفڕێنن." . ئەو سەرچاوەیە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى وتیشی، "دەزگای ئاسایشی عێراق لایەنی ئەمریکی ئاگادارکردووەتەوە لە هەڕەشە و پلانی چاوەڕوانکراو بۆسەر هاوڵاتیانی ئەمریکا." ڕاشیگەیاند، "ئەوە سەرباری ئەوەى چەند لایەنێکى عێراقی لە دانوستانەکاندا باسیان لەوەکردووە کە نایانەوێ هەڕەشەکان زیاتر بکەن و ئەگەری تێوەگلانی ئەو لایەنانە بە هێرشی چەکداری و کردەوەى فڕاندن کەمبووەتەوە." . ئاشکراشیکرد، "بەڵام دۆخەکە بۆ ئەوە دەچێت کە هەڕەشەى جدی هەیە لەسەر هاوڵاتیان و دیبلۆماتکارانى ئەمریکا بە تایبەت دوای ئەوەى دەزگای ئاسایشی عێراق توانی دەست بەسەر سێ سەکۆی هەڵدانی موشەکی کاتیۆشادا بگرێت لە ناوچە محەمەد قاسم کە بە ئاڕاستەى ناوچەى سەوزدا دانرابوون، بۆیە لەوانەیە هەموو ئەوانە هۆکار بن بۆ بڕیارەکەى ئەمریکا بۆ کشانەوەى بەشێک لە کارمەندەکانی." . هاوکات هەر بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد، حکومەتى عێراق هێزە ئەمنییەکانى خستووەتە ئەوپەڕی حاڵەتى ئامادەباشییەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى هەر بارێکى لەناکاو لە دەرئەنجامى بارگرژییەکانی ئێران و ئەمریکا. لەلایەکى ترەوە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى عێراق کە هاوکات فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراقە ڕایگەیاند، پلانى لەناکاویان هەیە تاوەکو لە ئامادەباشیدابن بۆ هەر ڕوبەڕوبوونەوەیەکى ئەمریکا و ئێران لە نێو خاکى عێراق.