گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم وەڵامی نیگەرانییەكانی یەكێتی دەداتەوە

2019.05.15 - 13:56
App store icon Play store icon Play store icon
دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم وەڵامی نیگەرانییەكانی یەكێتی دەداتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك وەڵامێك بۆ نیگەرانییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبارەی گواستنەوەی راژەی ژمارەیەك لە كارمەندی ئەو حزبە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە. . لە راگەیەندراوەكەی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە كراوە گواستنەوەی راژەی ژمارەیەك لە فەرمانبەری یەكێتی لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم تەنها رێكارێكی كارگێڕییە و بڕیارێكی سیاسی نییە. . لە راگەیەندراوەكەدا روونكراوەتەوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا "هەواڵێكی نادروست" بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە گواستنەوەی راژەی ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی دیوان بۆ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. . جەختیش كراوەتەوە "ئێمە لە دیوانی سەرۆكایەتی سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە كە بابەتەكە پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە هەبێت". . بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لە چوارچێوەی رێكخستنەوە و ترشیق (بچووككردنەوە)ی هەیكەلیەتی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بڕیاردراوە بە ئەنجامدانی ژمارەیەك گۆڕانكاری و رێكخستنەوەی میلاكات، لەسەر ئەو بنەمایەش ژمارەیەك لە فەرمانبەرەكان كە میلاكیان زیادەیە راژەكانیان گواستراونەتەوە بۆ وەزارەتەكان، بۆ ئەوەی بتوانرێ سوود لە تواناكانیان وەربگیرێت لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان. . راگەیەندراوەكەی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم دڵنیایی ئەوە دەدات پڕۆسەكە تەنیا رێكارێكی كارگێڕییەوە و هیچ پەیوەندییەكی بە لایەنی سیاسییەوە نییە، خەڵكی بێلایەن و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكانی تری تێدایە. . راگەیەندراوەكە لە كاتێكدایە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر میدیاكان نووسراوێكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمیان بڵاوكردەوە كە تیایدا ژمارەیەك لە بەڕێوەبەر و فەرمانبەری (یەكێتی) لەناو دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راژەكانیان بۆ چەند وەزارەتێك گواسترایەوە و هەندێك لە بەڕێوەبەرەكانیش ئیحاڵەی خانەنشینكردن كران. .