ناس کورد-
بە ئامانجی ڕێگریکردن لە کاری قاچاخچێتی، هێزێكی تایبەت لە بەغداوە گەیشتە خانەقین و لە هەردوو بازگەی ئەڵوەن و باوە مەحمود جێگیربوون، سەرچاوەیەکیش لە هێزەکە دەڵێت، ئەو هێزانەی پێشووتر لەوێ بوون کشانەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەک لەو هێزە تایبەتەی عێراق ڕایگەیاند، چەند رۆژێكە گەیشتونەتە خانەقین، بەڵام چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم لە بازگەکانی ئەڵوەن و باوە مەحمود جێگیربوون و دەستبەكاربوون بۆ كۆنترۆڵكردنی بازگە سەرەکییەکانی خانەقین کە ھاوسنورە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ئەو هێزانەشی پێشووتر لەوێ بون كشانەوە.
سەرچاوەكە كە لەبەر هەستیاری كارەكەیان نەیویستووە ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وتووە: "هاتوین بۆ ئەوەی رێگریی بكەین لە پێشێلكارییەكان و هێنانی باری نایاسایی و قاچاغ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی تری عیراق".
هەر لەوبارەیەوەی، سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت: "سەرەتا ئەو هێزە بەنیازبون بچنە بازگەی گومرگی خانەقین كە هێزەكانی پێشمەرگە لێی نیشتەجێن، بەڵام رێگریمان لێكردون".
سەرچاوەكەی پێشمەرگە بە "کەرکوک ناو"ی تووە: "هەر كە هاتن هێزەكانمان خستە ئامادەباشییەوە، سەرەتا نەمازانی ئامانجیان چییە، بەڵام دواتر دەركەوت بۆ جێگیربونیانە لە بازگەكان، بڕیارە ژمارەیەك بازگەی تر كۆنترۆڵ بكەن كە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق بە هەرێمی كوردستان دەبەستنەوە".
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە سنورەكە ئاشكرایکردووە: " رۆژانە بارهەڵگر لە سنوری هەرێمی كوردستانەوە بەرەو پارێزگاكانی تری عیراق باریان دەگواستەوە و بەشێك لەو بارهەڵگرانە پێداویستی و كەلوپەلی قاچاغ دەگوازنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "ھێلكە، مریشک و چەند جۆرێك لە سەوزە و میوە لەو بازگانەوە بەشێوەی قاچاغ بەرەو خوارو و ناوەڕاستی عیراق هەناردە دەكران".