گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەناوی شەهیدانەوە بازرگانی دەکرێت

لیژنەی شەهیدان: بەناوی شەهیدانەوە بازرگانی بە زەوییەوە دەکرێت

2020.11.26 - 17:48
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەی شەهیدان: بەناوی شەهیدانەوە بازرگانی بە زەوییەوە دەکرێت

ناس کورد-

لیژنەی کاروباری شەهیدان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دابەشکردنی کەلوپەل بەسەر کەسوکاری شەهیدان وەزارەتی شەهیدان بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن و راشیگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانە دەکەن کە بەناوی شەهیدانەوە بازرگانیی پێدەكرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 ئەمڕۆ پێنجشەمە 26ی تشرینی دووەمی 2020، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی كۆبووەوە و چەند پرسێکی تاووتوێ کرد.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر سەردانیكردنی لیژنەكە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، کەشاندێكی لیژنەكه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌مه‌به‌ستى بەدواداچوون بۆ ئەو ناڕەزایەتییەی سەبارەت بەدابەشكردنی كەلوپەل بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش ئه‌نجامیدابوو و لەگەڵ وەزیرو بریكاری وەزیری پێشمەرگە كۆببووەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، له‌كۆبوونەوەكە لیژنەکە بڕیاریدا بانگهێشتنی وەزارەتی شەهیدان بكات بۆئەوەی هەماهەنگیی زیاتر دروست بكرێت و بەدواداچوون بۆ بابەتی دابەشكردنی یارمەتی بەسەر كەسوكاری شەهیدان بكرێت، كە چیتر وەزارەتی شەهیدان رێگەنەدات ئەو جۆرە كەلوپەلە كۆنانە بەسەر خانەوادەی شەهیداندا دابەش بكرێت.


هەر لەكۆبوونەوەكەدا لیژنە بڕیاری ئەوەشیدا بەفەرمی نوسراو ئاڕاستەی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بكات تاوەكو كۆنتڕۆڵی ئەو رێكخراوانە بكەن كەبەناوی شەهیدانەوە كاردەكەن.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەكۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا ئەو لیژنەیه‌ی كه‌ لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاریكراوە بەدواداچوون بكات بۆ ئەو زەوییانەی كەبەناوی شەهیدان بازرگانیی پێوە دەكرێت.