ناس کورد-
چەند فڕۆکەیەکی نەناسراو لە سوریا بۆردومانی بنکە سەربازییەکانی چەکدارانی سەر بە ئێرانیان کرد و لە ئەنجامدا 19 چەکدار کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ڕوانگەی سوریش دەڵێت، پێدەچێت فڕۆکەکان ئیسڕائیلی بن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "بنکە سەربازییەکانی چەکدارانی سەر بە ئێران لە ناوچەی ئەلبو کەمال لە دێرەزور لە سوریا لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج و بۆردومان کراون."
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا 19 چەکدار کوژراون کە دووانیان فەرماندەن و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان برینەکانیان سەختە.
بەگوێرەی ڕوانگەی سوری، پێدەچێت نەناسراوەکان ئیسڕائیلی بن و ئەو وڵاتە هێرشەکەی ئەنجام دابێت.
ڕۆژی یەکشەمەش 22ی تشرینی دووەمی 2020، لە هێرشێکی دیکەدا بۆسەر چەکدارانی سەر بە ئێران لە هەمان ناوچە، 14 چەکداری دیکە کوژران کە بەڕەگەز ئەڤغانی و عێراقی بوون.