گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆسیەکە برایە دادگا

سکاڵا لەدژی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ تۆمار دەکرێت

2020.11.26 - 15:29
App store icon Play store icon Play store icon
سکاڵا لەدژی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ تۆمار دەکرێت

ناس کورد-کاروان مەحمود 

دوای کۆتایی هاتنی ڕاپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونی هەڕەشەکردن لە د.کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و داخستنی دۆسیەکەی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو سێ پەرلەمانتارەی لە دۆسیەکەدا ناویان هاتبوو بەوەی هەڕەشەیان لێکردووە، لە دادگا سکاڵا دژی سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ تۆمار دەکەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئیحسان ڕێکانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان (26ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەو تۆمەتەمان بۆ دروستکرا گوایە هەڕەشەی کوشتنمان لێکردووە و پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو پرسە پێکهێنا دوێنی ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەکە لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان خوێندرایەوە و تۆمەتەکان رەتکرایەوە و دۆسیەکەش داخرا.

 

وتیشی :"من و هەردوو پەرلەمانتار وەیسی سەعید و باڵانبۆ محەمەد لە فراکسیۆنی یەکێتی بڕیارمانداوە لە هەفتەی داهاتوو لە دادگا سکاڵای مەدەنی لەدژی کازم فاروق تۆمار بکەین تاوەکو ببێتە وانەیەک بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بەبێ بنەما تۆمەت بۆ خەڵکی دروست بکەن".

 

ناس کورد لەو بارەیەوە پەیوەندیکرد بە د.کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، قسە لەسەر ئەو پرسە ناکات و داوایکرد، بەدوای شتێکا بەدواداچوون بکرێت کە پەیوەندی بە خەڵکەوە هەبێت.

 

پێشتر لەمانگی ئەیلولی 2020 سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان وتی: "لەلایەن دوو پەرلەمانتاری پارتی و پەرلەمانتارێکی یەکێتی هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە و بۆ ئەوەش دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا و لیژنەکە رۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2020 لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان راپۆرتی کۆتایی خوێندەوە و تۆمەتەکانی رەتکردەوە و بۆ ئەوەش بڕیاردرا بە داخستنی دۆسیەکە.