گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی ڕووداوەکەى تاسڵوجە

چەقۆکەى بەسەر سنگى هاوسەرەکەیەوە جێهێشت

2020.11.25 - 14:38
چەقۆکەى بەسەر سنگى هاوسەرەکەیەوە جێهێشت

ناس کورد-

ئێوارانێکى درەنگ کاتێک خەدیجە لە ماڵەکەى خۆى لە تاسڵوجە لەسەر بەرماڵ بوو، گوێی لە هات و هاوار و قیژەیەکى بەرز بوو، لەپڕ چووە دەرەوە تا بزانێت چى روویداوە، بەڵام توشى شۆک بوو کاتێک کچ و دایکێکى بینى کە کەوتبوونە سەر زەوى و خەڵتانى خوێن بوون.

 

کاتێک خەدیجە و دراوسێکانى گەیشتە لاى بریندارەکان، هێشتا چەقۆکە بەسەر سنگی کچەکەوە بوو، دایکیشى خوێنى لێدەڕۆشت، خێرا کەسێک چەقۆکەى لێکردەوە و دەستى خستە سەر برینەکەى بۆ ئەوەى چیتر خوێنى لێنەڕوات، پێش ئەوەى بەپەلە بەرەو نەخۆشخانە بیگوازنەوە.

 

ئەوە  دیمەنەکانى سەرەتاى رووداوێکى کۆمەڵایەتى بوو لە تاسڵوجە کە ئێوارەى رۆژى (24ى تشرینى دووەمى 2020) روویدا، پێش رۆژێک لە ساڵیادى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ژنان.

 

بەپێی وتەى بەشێک لە دراوسێکانیان بۆ "ناس کورد"، کێشەکە لەوەوە سەریهەڵداوە ئەو ژن و مێردە کە ماڵیان لە گەڕەکێکى سلێمانى بووە پێکەوە نەگونجاون و ژنەکە چووەتەوە ماڵى باوکى لە تاسڵوجە و بڕیاریداوە چیتر نەگەڕێتەوە.

ئەو ژن و مێردە کە تەمەنیان لە بیستەکاندایە خاوەنى منداڵێکى بچوکن، لەکاتى رووداوەکەشدا تەنها ئەو کچ و دایکە لەماڵەوە بوون.

 

خەدیجە بە "ناس کورد"ى وت "ئەو ماڵە بێکێشە و بێدەنگن، کچەکە و هاوسەرەکەى کێشەیان هەبووە و بەوتەى کچەکە جیابونەتەوە، بەڵام کوڕەکە وازى لێنەهێناون".

 

باسى لەوەشکرد، بەخێرایی لێى پرسیون کە بۆچى دەرگایان لەو پیاوە کردووەتەوە، دایکیشی وتویەتى ترساون بچێتە ژورەوە بۆیان بۆیە دەرگاکەیان کردووەتەوە.

 

تۆمەتبارى رووداوەکە کە هاوسەرى کچەکەیە، چوار چەقۆى لە خەسوى و هاوسەرەکەیداوە هەڵهاتووە، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

 

لە ئێستادا دایک و کچەکە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن، بە وتەى کەسە نزیکەکانیان، کچەکە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

 

دراوسێیەکى دیکەى ئەو ماڵە باسى لەوەکرد، ئەو ماڵە مالێکى باش و هەژارن و هیچ کێشەیان نەبووە، بەڵام کچەکەیان و مێردەکەى ماوەیەکە کێشەیان هەبووە و کچەکە وتویەتى جیابووەتەوە.