گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ماسک و کامێرا و موچە

مشتومڕى توند و گرژى باڵى بەسەر کۆبوونەوەى پەرلەماندا کێشا

2020.11.25 - 12:20
مشتومڕى توند و گرژى باڵى بەسەر کۆبوونەوەى پەرلەماندا کێشا

ناس کورد-

مشتومڕى توند و گرژى باڵى بەسەر کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستاندا کێشا، بەهۆى چەند پرسێکەوە کە دووربوون لە بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکە.

 

بەپێی بەدواداچوونى "ناس کورد" بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان (25ى تشرینى دووەمى 2020) کە راستەوخۆ پەخشکرا، کۆبوونەوەکە مشتومڕى توندى بەخۆوە بینى لەنێوان سەرۆکى پەرلەمان و ژمارەیەک پەرلەمانتاردا لەسەر پرسەکانى بەدەر لەبەرنامەى کار.

 

یەکێک لە دیارترین مشتومڕەکان لەسەر نەبەستنى ماسک بوو لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، کە بەوتەى سەرۆکى پەرلەمان تەنها 15 پەرلەمانتار ماسکیان بەستووە، پەرلەمانتارێکیش داوایکرد سزا بدرێن، بەڵام سەرۆکى پەرلەمان وتى ناتوانێت بە بڕى 20 هەزار دینار سزایان بدات.

 

هەروەها پرسێکى دیکە تایبەت بوو بە کامێراى پەرلەمانى کوردستان، کە ژمارەیەک پەرلەمانتار داوایانکرد لەکاتى قسەکردنیاندا ئەوان پیشان بدات نەک سەرۆکایەتى پەرلەمان، ئەوەش سەرۆکى پەرلەمانى ناچار کرد زیاد لە جارێک داوابکات کە کامێرا بچێتە سەر پەرلەمانتاران.

 

پرسی موچە بەدەر نەبوو لەو مشتومڕانەى لە کۆبوونەوەکەدا دروستبوو، بەڵام سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاند کە ئەوە بەشێک نییە لە بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکەو بڕیارە حکومەت بۆ دانیشتنێکى تایبەت لەو بارەیەوە بچێتە پەرلەمان.

 

ئیمتیازاتى ئەندامانى پەرلەمانیش پرسێکى دیکە بوو کە لەکۆبوونەوەکەدا وروژێنرا و سەرۆکى پەرلەمانیش رایگەیاند کە لەم خولەدا پەرلەمانتاران هیچ ئیمتیازاتێکیان نییە جگە لە 50%ى موچەکانیان کە پێیان دەدرێت.

 

وتیشى "ئیمتیازاتەکانى حکومەت زۆر زیاترە بەڵام کەس قسەیان لەسەر ناکات".