گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەترسی هەڕەشەی هێزە شیعەكان، ئەمریكا هێزەكانی لە عێراق خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

2019.05.15 - 09:24
لەترسی هەڕەشەی هێزە شیعەكان، ئەمریكا هێزەكانی لە عێراق خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
ناس كورد- هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەترسی هەڕەشەی لەناكاوی ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. . سوپای ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، بەهۆی بوونی هەڕەشە لەلایەن ئەو هێزانەوە كە لەلایەن ئێرانەوە كۆمەك و پشتیوانی دەكرێن لە ناوچەكەدا، هێزەكانیان لە عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. . هاوكات بێڵ ئۆربان وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند"هێزەكانمان لە عێراق خراونەتە پلەیەكی بەرزی ئامادەباشییەوە، چاودێری ئەو هەڕەشانەش دەكەین، كە پێدەچێت هەڕەشەی دڵنیاكەرەوە بن". . وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا روونیكردەوە، پێدەچێت هەڕەشەكان بۆ سەر سوپای ئەمریكا لە عێراق كتوپڕ و چاوەڕواننەكراوبن بۆیە بە وردی چاودێری ئەو هەڕەشانە دەكەن كە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانیان پشتڕاستیان كردووەتەوە. . هاوكات فەرماندەیەكی باڵای بەڕیتانی لە هاوپەیمانی دژی داعش كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات ڕایگەیاندووە، هیچ هەڕەشەیەكی هێزە چەكدارە شیعەكانی عێراق كە لە ئێرانەوە نزیكن، بۆ سەر ئەمریكا زیادی نەكردووە. . كریس گیكا، فەرماندەیەكی باڵای بەڕیتانیا لە هاوپەیمانی دژی داعش بەپێچەوانەی ئەمریكا ڕەتیكردووەتەوە هیچ مەترسییەك لەو بارەیەوە هەبێت. . دوێنێ (سێشەممە) هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و عەلی خامنەیی، ڕابەڕی شۆڕشی ئێران ڕەتیانكردەوە ئەگەری ڕوودانی شەڕ هەبێت و بەدووریانزانی ڕوودانی جەنگ ئەگەرێكی بەهێز بێت. . لەلایەكی ترەوە هەر دوێنێ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا بەشێوەیەكی ڕێكخراو لەگەڵ تاران و واشنتۆن كار دەكات بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان و دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەك بۆ پرسەكە. .