گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ویلایەتى سێیەمى ئۆباما’’

یەکەم لێدوانى بایدن لەبارەى دادگاییکردنى ترەمپ

2020.11.25 - 10:54
یەکەم لێدوانى بایدن لەبارەى دادگاییکردنى ترەمپ

ناس کورد-

جۆ بایدن، سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا رایگەیاند، کار بۆ لێپرسینەوە و دادگاییکردنى دۆناڵد ترەمپ ناکات دواى ئەوەى بەفەرمى دەچێتە سەر کورسی سەرۆکایەتى.

 

بایدن (24ى تشرینى دووەمى 2020) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕى NBC NEWS ئەمریکى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، هەوڵەکانى ئیدارەى ترەمپى بۆ گواستنەوەى دەسەڵات بە "راستگۆیانە" ناوبردووە و باسى لەوەشکردووە، ئیدارەى ترەمپ بەکردەیی پەیوەندى لەگەڵ تیمەکەى دروستکردووە بۆ دەستاودەستکردنى دەسەڵات.

 

دەشڵێت، دواى ئەوەى بەفەرمى دەچێتە سەر کورسی سەرۆکایەتى کار بۆ دادگاییکردنى ترەمپ ناکات و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەشى لەو بارەیەوە رەتکردەوە کە باس لە پەنابردنى بۆ وەزارەتى داد دەکەن بۆ سزادانى ترەمپ.

 

بایدن جەختیشیکردووەتەوە، ئیدارەکەى نابێتە ئیدارەى ویلایەتى سێیەمى باراک ئۆباما، لەبەرئەوەى جیهان لەماوەى ساڵانى دەسەڵاتى ترەمپدا زۆر گۆڕانکاریی بەخۆوە بینیوە.



ئەوەشى خستووەتەڕوو، لەدواى دەستپێکردنى کێبڕکێی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتییەوە لەگەڵ ترەمپ پێکەوە قسەیان نەکردووە.

 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا (23ى تشرینى دووەمى 2020) گڵۆپى سەوزى هەڵکرد بۆ دەستپێکردنى هەنگاوەکانى رادەستکردنى دەسەڵات بە ئیدارەى جۆ بایدنى سەرۆکى هەڵبژێردراو، سەرەڕاى بەردەوامیدان بە رێکاریی یاسایی.



ترەمپ لە تویتێکدا کە ناس کورد بینیویەتى نوسیویەتى "ئیمیلى میرفى بەرێوەبەرى خزمەتگوزاریی گشتى راسپاردووە کارى پێویست بکەن سەبارەت بە پرۆتۆکۆڵى سەرەتایی لەو بارەیەوە".



لاى خۆیەوە، میرفى رایگەیاند، بڕیارەکە کە رێگە دەدات بۆ دەستپێکردنى دەسەڵات بە جۆبایدن، بڕیارێکى تاکلایەنە بووە، سەرەڕاى تویتەکەى ترەمپ لەو بارەیەوە.



ئەوە یەکەمجارە ترەمپ باس لە گواستنەوەى دەسەڵات دەکات بە بایدن، لەدواى شکستهێنانى لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا بەرانبەر جۆ بایدن و بانگەشەکانى لەبارەى ساختەکاریی هەڵبژاردنەوە.