ناس کورد-
هێزەکانى سوریاى دیموکرات "هەسەدە" بڵاویکردەوە، هێزەکانى تورکیا و میلیشیاکانى سەربەو وڵاتە هێرشیان کردووەتە سەر ناحیەى عەین عیسا و لە هێرشەکەدا 18 چەکدارى ئەو میلیشیایانە کوژراون.
هیزەکانى سوریاى دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، سەرلەبەیانى ڕۆژى سێشەممە 24ى تشرینى دووەمى 2020، هێزەکانى تورکیا و میلیشیاکانى سەربەو وڵاتە لە چەند میحوەرێکەوە هەوڵیانداوە دزە بکەنە گوندەى مالکیەى سەربە ناحیەى عەین عیسا و لەهەماکاتیشدا عەین عیسا و دەوروبەرى و ڕێگەى m4 بۆردومان کراون.
ڕونیشکراوەتەوە، لەلایەن هێزەکانى هەسەدەوە بە چەکى قورس و مامناوەند بەرپەرچى ئەو میلیشیایانە دراوەتەوە و ڕێگەیان لێگراوە بچنە گوندەکە و لەناوبراون.
هەسەدە جەختیلەوەشکردوەتەوە، بەپێى زانیاریەکان 18 چەکدارى ئەو میلیشیایانە کوژراون لەناویاندا ئیسماعیل عیدو کە سەرپەرشتیارى هێرشەکە بووە و پێشتر لە ڕیزەکانى ڕێکخراوى داعش ئەمیر بووە، لەکاتى هێرشەکەشدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى تورکیا بەردەوام بەسەر ناوچەکەوە بوون.
بەپێى زانیاریەکان، هێرشەکە چەند ناوچەیەکى مەدەنى کردوەتە ئامانج و زیانى ماددى بەر هاوڵاتیان کەوتووە، ئەوەش سەرەڕاى زیانگەیاندن بە تۆڕى کارەباى ناحیەکە، چوار ئەندامى هێزەکانى هەسەدەش بریندار بوون.