گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆشدارییەک بۆ خانمان

هۆشیاری لەسەر بەکارهێنانی تەلی حاجەت شۆردن دەدرێت

2020.11.24 - 20:14
هۆشیاری لەسەر بەکارهێنانی تەلی حاجەت شۆردن دەدرێت

ناس کورد-

سەبارەت بە مەترسییەکانی بەکارهێنانی تەلی حاجەت شۆردن  بۆسەر تەندروستیی مرۆڤ هۆشیاری دەدرێت و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی دەڵێت، ئەگەری ژەهراوی بوون دروست دەکات و داواش دەکات بەکارنەهێنرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: " پێکهاتەی تەلی شۆردنی حاجەت لەوردە ئاسن پێکهاتووە، بۆیە پێویستە بەوریاییەکی زۆرەوە بەکاربهێنرێت، چونکە هەندێک جار پارچەی لێ دەبێتەوە و تێکەڵی خواردن دەبێت ئەمەش لەشی مرۆڤ توشی ژەهراوی بون دەکات."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " لەکاتی قوتدانی تەلەکە لەگەڵ خواردنەکان، ئەگەری زۆرە لە بۆرییەکانی هەناسە، ڕیخۆڵە یان دیواری گەدە بچەقێت، دەبێتە هۆی هەوکردن و دروست بونی برین."

 

لەشکر حەمید دەشڵێت: " تەلی حاجەت لەکاتی چونە لەناو گەدەدا لەگەڵ ترشەکان کارلێک دەکات و بەدروستکردنی ماددەی نوێ دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون و بەرزبوونەوەی تۆکسین و ڕێژەی کانزا قورسەکان لە جەستەی مرۆڤدا."

 

"لەبەر ئەم کاریگەریانەی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت و تەندروستی سلێمانی ڕێگری لە بەکارهێنانی تەلی حاجەت دەکەن لە شوێنە گشتییەکان و هەروەها پێشیانوتراوە نابێت مەنجەڵی تیڤاڵی و سینی داخوراو بەکاربهێنن."، لەشکر حەمید وادەڵێت.

 

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی داواش لەخانمان دەکات بۆ سەلامەتی تەندروستی خۆیان و خێزانەکەیان، لەکاتی شۆردنی دەفرەکان و پێداویستییەکانی دیکەی ئامادەکردنی خواردەمەنی بەوریاییەکی زیاترەوە تەلی حاجەت بەکاربهێنن تا لە مەترسی پارچەبوون و تێکەڵ بوونی بە خواردنەکان پارێزراوبن.

 

سەرۆکی لیژنەکان کەهاوکات ئەندازیاری خۆراکە، هۆشیاری بەدوکان و ئەو شوێنانە دەدات کە خواردن تیایدا ئامادە دەکرێت و دەڵێت: "بۆ خاوێنکردنەوە و شۆردنی ئەو دەفر و پێداویستیانەی لە ئامادەکردنی خواردەمەنیدا بەکاردەهێنرێت ئەو تەلی حاجەتە بەکارنەهێنن کە لەوردە ئاسن دروستکراوە، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە."