ناس کورد-
تەقینەوەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراو شارى عەفرینى ڕۆژئاواى کوردستانى هەژاند و کوژراو و برینداری لێکەوتووەوە، ژمارەى قوربانیانى تەقینەوەکەى شارى "باب"یش گەیشتە، 24 کەس کوژران و بریندار.
ڕوانگەى سوریى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، کەمێک پێش ئێستا (ئێوارەى سێشەممە 24ى تشرینى دووەمى 2020) ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراو لە شارى عەفرین کە لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى تورکیا و گروپە چەکداریەکانى سەربەو وڵاتەن تەقیوەتەوە.
تەقینەوەکە لە بازاڕى "هال" لە نزیک ناوچەى پیشەسازى شارەکەوە ڕویداوە، ڕوانگەی سوری دەڵێت: " تەقینەوەکە بەهێز بووە و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى لێکەوتوەتەوە و تائێستا ژمارەیان دیار نییە، جگە لەوەی زیانێکى ماددى زۆریش بەر ناوچەکە کەوتووە."
ڕوانگەکە باسى لەوەشکردووە، هەروەها بەهۆى تەقینەوەکەى شارى باب کە بەهەمان شێوە لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى تورکیا و میلیشیاکانى سەربەو وڵاتەیە و چەند کاتژمێرێک پێش تەقینەوەکەى عەفرین ڕوویداوە 5 کەس کوژراون و 19ى تر برینداربوون.