گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکی کورد پێی باشە

لیژنەی پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەری کێشەی هەرێم و بەغدا کوردی تێدا نییە

2020.11.24 - 16:46
لیژنەی پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەری کێشەی هەرێم و بەغدا کوردی تێدا نییە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

پەرلەمانتارێکی کورد لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو لیژنە پەرلەمانیەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا دروستکراوە، بۆ زەمینە سازییە بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دەشڵێت، نەبوونی کورد لە لیژنەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی نێوان هەردوولا و ئەندامانی لیژنەکە کەسانی باش و باوەرپێکراون.  

 

بەگوێرەی نوسراوێکی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، لیژنەیەک لە هەشت پەرلەمانتارى عێراق پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ و حکومەتى هەرێم لەبارەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى چارەسەرکردنى کێشەکان. 

 

لەوبارەیەوە موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری کورد لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ"ناس کورد" (24ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "دروستکردنی هەر لیژنەیەک لە ناو پەرلەماندا دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت و هاوسەنگی لە لیژنەکەدا هەبێت لە ڕووی ئەندامەکانییەوە، بەڵام دیارە ئەم لیژنەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی پەرلەمان دروستکراوە، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانێت زەمینە سازی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان بکات".

 

لە لیژنەکەدا هیچ پەرلەمانتارێکی کورد بوونی نییە و سەرجەم ئەندامەکان لە کوتلە عەرەبیەکانن. 

 

موسەنا ئەمین، دەڵێت: "ئەوانەی لە ئەندامێتی لیژنەکەدا دانراون هەموویان کەسانی باش و باوەڕپێکراون، هیچ کامیان دژە کورد نین، بەمەبەستی ئەوەی زیاتر داکۆکی لە دەقەکان و داواکارییەکانی هەرێم بکەن و دواتریش پاڵپشتی ڕێککەوتنەکەی  نێوان بەغدا و هەولێر بکەن و ببن بە پردی پەیوەندی لەگەڵ فراکسیۆنەکاندا ".

 

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی ڕوونکردەوە: "پێدەچێت ئەگەر پەرلەمانتاری کورد لە ناو لیژنەکەدا هەبێت تاڕادەیەک جۆرێک لە هەستیاری لە ناو فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان دروستبکات، بۆ ڕێگرتن لەو هەستیارییە سەرۆکی پەرلەمان ئەو کارەی کردووە".

 

لای خۆشیەوە کەمێک بەر لە ئێستا محمەد شیاع سودانی، سەرۆکی لیژنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کەوێنەیەکی دەست " ناس کورد" کەوتووە (سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2020) ئامادەیی خۆی نیشاندا لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا وهەولێر بە شێوەکی داپەروەرانە بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی دەرکی.

 

سودانی لەڕاگەیەندراوێکدا داواشی لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق  کردووە بە پەرۆشەوە هەوڵەکانیان بۆ بنبڕکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بخنە گەڕ",

 

ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر محەمەد شیاع سودانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسای سەر بە نوری مالیکی لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانی هەوڵی دروستکردنی لیژنەیەکی لەو شێوەیە دابووە بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخی نێوان بەغدا وهەولێر.