ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
دەمەقاڵەى نێوان مام و برازایەک لە کەرکوک کارەساتى لێکەوتەوە، کاتێ مامى بەدار و بۆرى بەسەختى برازاکەى بریندارکرد و کە گیان لەدەستدانى لێکەوتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کێشەکە درەنگانى شەوى رابردوو روویدا لە گەڕەکى پەنجا عەلى، کە بەوتەى پۆلیس سەرەتا دەمەقاڵە بووە و بەخێرایی گۆڕاوە بۆ شەڕێکى سەخت لەنێوان دوو کەسدا، کەخزمى نزیکى یەکترن.
عامر نووری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک لەلێدوانێکدا بۆ"ناس کورد" ( 24ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند، کێشەکە کۆمەڵایەتییە، کە سەرەتا وەک دەمە قاڵێی لە نێوان مامێک و برازاکەی درووست بووە دواتر پەرەی سەندووە بووەتە هۆی ئەوەی کوشتنی کەسێکی لێبکەوێتەوە.
کوژراوەکە پیشەى ئاسایشە و تەمەنى 42 ساڵە، مامیشى کە لەهەمانکاتدا خەزوریەتى تەمەنى 49 ساڵە.
عامر نوری وتى "مامی گەنجەکە بەدار و بۆری هێرشی کردووەتە سەر برازاکەی و بەسەختی برینداریکردووە و لەئاکامدا گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و داخڵی ژووری چاودێری چڕکراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە".
ئەوەشی خستووەتەوە ڕوو، کوژراوەکە ناوی ( ح .ش) و پیشەی ئاسایشە و سەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و تۆمەتبارەکەش مامیەتی و لە هەمانکاتیشدا خەزوریەتی.
عامر نوری ئاماژەى بەوەشکرد، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ دۆسییەکە کراوەتەوە.