گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناردنى موچە

سەرۆکایەتى هەرێم وادەى ناردنى 320 ملیار دینارەکەى بەغدا ئاشکرا دەکات

2020.11.24 - 14:03
سەرۆکایەتى هەرێم وادەى ناردنى 320 ملیار دینارەکەى بەغدا ئاشکرا دەکات

ناس کورد- 

سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا بەغدا 320 ملیار دینارەکەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەنێرێت و بەڵێنیان داوە لەو بارەیەوە. 

 

فەوزى هەریرى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى رووداو کە "ناس کورد" بینیویەتى وتى "لەگەڵ حکومەتى عێراق پەیوەندى باشمان هەیە، بەرپرسانى باڵاى هەردوولا لەسەرخەتن، بەغدا بەڵێنیداوە ئەم هەفتەیە 320 ملیار دینارەکە بنێرێت".

 

وتیشى "سەرۆک وەزیرانى عێراق ناتوانێت هەرچى شتێک بەدڵى خۆیەتى ئەوە بکات، دامەزراوەیەکى دیکە هەیە دەیەوێت بەشێوەیەکى دیکە کارەکان بڕوات".

 

فەوزى هەریرى باسى لەوەشکرد، "ئێمە حازرین گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەین لەسەر ئەو یاداشتانەى کە لەنێوانمان واژۆکراوە، ئەوەى لە یاسا نوێیەکەدا هەیە پێشتر رێککەوتنى لەسەر کراوە".

 

جەختیشیکردەوە، وادەى دەرکردنى یاساى کورتهێنانى دارایی لەپەرلەمان باش نەبووە و کێشەکانى هەرێم و بەغداى قوڵتر کردەوە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتى هەرێمى کوردستان دوێنێ رایگەیاند، شاندی دانوستانکار سەردانی بەغدا دەکات و بە هیچ شێوەیەک سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەن.    

  

بەپێی راگەیەنراوێکى حکومەت (23ی تشرینی دووەمی 2020) کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کوتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری ھەرێم لە گەڵ بەغدا کۆبووەوە.    

  

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و داکۆکیکردن لە شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە پێش هەموویانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.    

  

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.    

  

هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەردەوام داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.    

  

بەپێی راگەیەنراوەکە، هەر لە کۆبونەوەکەدا، پرۆسەی گفتوگۆی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی تاووتوێ کرا هەروەها شاندی هەرێمی کوردستان لە هەر کاتێک بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا دەکات.