گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی دۆسیەى ژنە کوژراوەکەى گەرمیان

منداڵێک بەدیار تەرمى هەڵواسراوى دایکییەوە

2020.11.23 - 21:56
منداڵێک بەدیار تەرمى هەڵواسراوى دایکییەوە

ناس کورد-

دەنگێکى گەورەى هەورە تریشقەیەکى شەوێکى باراناوى پەردەى لەسەر رووى تاوانێک هەڵماڵى، کاتێک ژنێک بەچاوەکانى خۆى بینى کە منداڵێک کراسى دایکە هەڵواسراوەکەى گرتووە و بەهیچ شتێک ژیر نابێتەوە.

 

ژنەکە بەدەم گریانى بەردەوامى منداڵەکەوە چوو کە تەمەنى لەنێوان دوو بۆ سێ ساڵیدایە، بۆ ئەوەى بزانێت هۆکارەکەى چییە، بەڵام توشى شۆک بوو کاتێک منداڵەکەى بینى کە بەتوندى بەدەستەکانى کراسی دایکە هەڵواسراوەکەى گرتووە کە رۆح لە جەستەیدا نەماوە.

 

ئەمە دیمەنەکانى سەرەتاى ئاشکرابوونى رووداوى خنکان و هەڵواسینى مونیرەى تەمەن 26 ساڵە، کە کێشە و نەهامەتییەکانى دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک لەمێردەکەى جیابوویەوە و ژیانى تەنهایی هەڵبژارد.

 

مونیرە بەتەنها لەگەڵ کچێکى بچوکیدا لە نهۆمى خوارەوەى خانویەکدا لەگەڕەکى شارەوانی دووی کەلار ژیانى بەسەر دەبرد.

 

تەرمى مونیرە رۆژى هەینى لەناو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە و تا رۆژى یەکشەممە بەنهێنى مایەوە، تا پۆلیس رووداوەکەى بۆ میدیا و راى گشتى ئاشکراکرد.

 

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە رووداوەکە (23ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردى راگەیاند، شەوى هەینى کە رووداوەکە روویدا، باران و هەورە تریشقەیەکى بەهێز بوو، ژنە دراوسێکەیان کە لە نهۆمى سەرەوەى خانوەکەیان بوو، چووەتە خوارەوە بۆ ئەوەى بزانێت هۆکارى بەردەوامى گریانى کچى دراوسێکەى چییە، کاتێک چووەتە ماڵەکە تەرمى مونیرەى بینیوە کە هەڵواسراوە و کچەکەشى بەهەردوو دەستى کراسەکەى دایکى گرتووە و بانگى دەکات و ژیر نابێتەوە.

 

رووداوەکە هەرزوو کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، بەتایبەت کە پۆلیس سێ براى ژنەکەى دەستگیرکرد و دانیان بەوەداناوە کە ئەوان خنکاندویانە و هەڵیانواسیوە.

 

بەپێی راگەیەنراوێکى پۆلیس کە دوێنێ یەکشەممە بڵاویکردەوە، دوای کەمتر لەدوو کاتژمێر مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیوانە چوار تۆمەتبار دەستگیربکەن کە سێ کەسیان برای کوژراوەکەن، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباراندا دانیان نا بەتاوانەکەدا کەبەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە.

 

عەلى جەمال قەدورى، وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان (23ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردى راگەیاند، سەرەتاى ئەو کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر، کاتێک ئەو ژنە لە مێردەکەى جیابووەوە و ژیانى تەنهایی هەڵبژارد.

 

وتیشى، "ئەو ژنە و پیاوەکەى دوو ساڵ لەمەوبەر کێشە کەوتووەتە نێوانیانەوە و گەیشتووەتە دادگا و لەیەکتر جیابوونەتەوە و بەتەنها ماڵێکى بۆخۆى گرتووە و ژیاوە".

 

قەدورى باسى لەوەشکرد، لەنێوان ئەو ژنە و پیاوەکەى کەیسیان لەنێوانیاندا بووە، بەڵام لاى ئەوان لەگەڵ براکانى هیچ کەیسێکیان نەبووە، کە لە ئێستادا دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا.

 

لەبارەى بڕیارى دادگاوە، قەدورى وتى "جارێ زووە بۆ بڕیارى دادوەر و دوو بۆ سێ مانگى پێدەچێت تا رەوانەى دادگاى تایبەتمەند دەکرێت".

 

بەوتەى سەرچاوە ئاگادارەکە، ئەو ژنە بڕیارى هاوسەرگیریداوە، لەگەڵ کەسێکدا کە خۆى دەیەوێت، لەسەر ئەوەش لەگەڵ خانەوادەکەى بووە بە کێشەیان، بۆیە گەیشتوون بەو دەرەنجامە و بە سیم و تەلى دڕکاوى توندوتیژییان بەرانبەر ئەنجامداوە.

 

لەئێستادا لەسەر کوشتنى ئەو ژنە چوار کەس لە زینداندان، سیانیان براى ژنەکەن و دانیان بە کوشتنیدا ناوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسی چوارەمیش بەردەوامە، کە بەوتەى سەرچاوەکە پێدەچێت ئەو کەسە بێت کە بڕیاربووە هاوسەرگیرى لەگەڵدا بکات.

 

پێشتریش سەرچاوەیەکى دیکەى ئاگادار لە رووداوەکە بە ناس کوردى راگەیاندبوو، "کەسی چوارەم کە دەستگیرکراوە خۆشەویستی کچەکەیە و تۆمەتباری ڕووداوی کوشتنەکە نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هۆکارێکی ڕووداوەکەیە دەستگیرکراوە".

 

شیرین ئەمین نوێنەرى گەرمیان لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى راگەیاند، "کێشەکە بۆ کێشەى کۆمەڵایەتى گەڕێنراوەتەوە، ئێمەش وەکو پەرلەمانتار دەستواڵا نین لە دۆسیەیەک کە دەگاتە دادگا، بۆیە چاوەڕوانى بڕیارى دادگاین لەو بارەیەوە".

 

دۆسیەکە لە ئێستادا لەسەر ئاستى باڵا چاودێرى دەکرێت تا تۆمەتبارەکان بەسزاى یاسایی خۆیان بگەیەنرێن و لێکۆڵینەوەکان رێڕەوى خۆیان بگرنەبەر.

 

ئیدارەى گەرمیان (22ى تشرینى دووەمى 2020)  لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوە کردووە، لەسەر ئەو ئافرەتەی لە کەلار بە خنکاوی دۆزرایەوە، قوباد تاڵەبانی لە رێگەی ئیدارەی گەرمیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچون بۆ کەیسەکە دەکات.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، جێگری سەرۆکی حکومەت لە رێگەی ئیدرەی گەرمیانەوە دەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە ھەموو ھەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ رێگری لە ئەنجامدانی ھەر حاڵەتێکی ھاوشێوە و توندوتیژی بەرامبەر ژنان.

 

لاى خۆیەوە، قوباد تاڵەبانى لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک کە ناس کورد بینیویەتى نوسیویەتى "بەداخەوە جارێکی تر بەتاوانێکی تری ژن کوشتن راچڵەکاین، بەداخەوە ژنێکی تریش بەکوژراوی دۆزرایەوە.. کەی لەوە تێدەگەین کە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە؟!".

 

دەشڵێت "دەستخۆشی لە پۆلیسی گەرمیان دەکەم بۆ دەستگیرکردنی خێرای تۆمەتباران بەو هیوایەی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن و ببنە پەند بۆ کەسانی تر کە بیر لەکوشتنی ژنێکی تر دەکەنەوە".