ناس کورد-
لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان کۆتایی هێنا بە هەڵسەنگاندنى بۆ راپۆرتى یەکەمى حکومەت لەبارەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیی لە خانەنشینى موچە و دەرماڵە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زیاد جەبار، سەرۆکى لیژنەکە (23ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ى راگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکى لیژنەکەیاندا هەڵسەنگاندنى خۆیان ئامادەکردووە لەبارەى راپۆرتەکەى حکومەتەوە و دەیان پرسیار لەو بارەیەوە روبەڕووى حکومەت دەکەنەوە.
وتیشى، "پرسیارەکان تایبەتن بەچەندین بوار، وەکو سندوقى خانەنشینى، پێداچونەوە بە لیستى شەهیدان و زیندانیانى سیاسی، پرسیارەکان روبەڕووى حکومەت دەکرێنەوە بۆ ئەوەى بەرچاوروونى تەواو بدات لەبارەى هەنگاوى داهاتوویەوە".
لەبارەى دەرماڵەى فەرمانبەرانەوە، زیاد جەبار باسى لەوەکرد، تا ئێستا حکومەت هیچ بڕیارێکى نەداوە لەبارەى دەرماڵەى فەرمانبەرانەوە کە چۆن رێکیدەخاتەوە.
حکومەتى هەرێم (19ی تشرینی یەکەمی 2020) لە راپۆرتێکدا کارەکانى سێ مانگى لەبارەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیی ئاڕاستەى پەرلەمانى کوردستان کرد کە تایبەتە بە موچە و دەرماڵە و مافى کەسوکارى شەهیدان و پلە تایبەتەکان و پێشمەرگە و ئاسایش و خانەنشینى.
عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچووونی ئەنجومەنی وەزیران کە لەپشکى پارتى پۆستەکەى وەرگرتووە (25ی تشرینی یەکەمی 2020) بە پێگەى فەرمى حزبەکەى راگەیاند، "بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، دوای ئەوەی ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەممان ئاڕاستەی پەرلەمان کرد بەردەوامین لە جێبەجێکردنی یاساکە تا بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت".
وتیشی، "ھەنگاوەکان خێراتر دەکەین و یاساکە جێبەجێ دەکەین، چونکە لە پەرلەمان بۆ ئێمە ڕەوانە کراوە و ئێمەش جێبەجێی دەکەین و کارکردن لەو یاسایە بەردەوامە تا دواخاڵی جێبەجێ دەکرێت".
عەبدولحەکیم خەسرۆ باسى لەوەشکردووە، یاساکە زۆر بوار لە خۆ دەگرێت، بۆیە ناتوانن کاتێک دیاری بکەین بۆ ئەوەی کەی دەتوانن یاساکە بەتەواوی جێبەجێ بکەین "لە ١/٧ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و دەیان ڕێنمایی و ڕێکاری پێویستە، ھیچ یاسایەک ھێندە پەیڕەو و ڕێنمایی تێدا نییە، بۆیە کاتی پێویستە".