ناس کورد-
کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر پەیامێکی لەبارەى کوشتنی کچەکەى کەلار لەلایەن سێ براکەیەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "من زۆر دڵتەنگ بووم بە خوێندنەوەى هەوالی کوشتنی تۆقێنەری ژنێک لە کەلار."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە پەیامێکدا کە ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردووەتەوە و ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (23ی تشرینی دووەمی 2020)، "من زۆر دڵتەنگ بووم بە خوێندنەوەی ھەواڵی کوشتنی تۆقێنەری ژنێک لە #کەلار دوێنێ. ئێمە دەبێت بڵێین نەخێر بۆ #توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری. ئەم جۆرە کوشتنانە ھیچ شتێک لە خۆناگرێت جگە لە شەرمەزاری."
دەشڵێت، "نابێت کاری لەم جۆرە قبوڵکراو بێت لە #ھەرێمی_کوردستان کە شانازی دەکات بە ناوبانگییەکەی بۆ ھەمەڕەنگی و لێبوردەیی."
دوای کوشتنی کچێک لەلایەن سێ برایەوە لە قەزای کەلار و دەستگیرکردنی سێ براکەی و کەسێکی دیکە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسییەکە ڕایگەیاند، دەستگیرکراوی چوارەم خۆشەویستی کچەکەیە و لەسەر ئەوەش کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کوڕە هەبووە لەلایەن سێ براکەیەوە کوژراوە.
دوێنێ یەکشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2020، بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: "ڕۆژی هەینی ڕابردوو تەرمی کچێک لە ماڵێکدا دۆزراوەتەوە و دوای لیکۆڵینەوە دەرکەوت ئەو کچە لەلایەن سێ برایەوە خنکێندراوە."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی گەرمیان، جگە لە سێ براکە، کەسێکی دیکەش لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " کەسی چوارەم کە دەستگیرکراوە خۆشەویستی کچەکەیە و هەر لەسەر ئەوەشی کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسە هەبووە ئەو سێ برایە خوشکەکەیان کوشتووە."
بە وتەی ئەو سەرچاوە بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، کەسی چوارەم تۆمەتباری ڕووداوی کوشتنەکە نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هۆکارێکی ڕووداوەکەیە دەستگیرکراوە.
ئافرەتەکە لەدایکبووی ساڵئ 1994 و لەماڵەکەی خۆیدا لەلایەن سێ براکەیەوە هەڵواسراوە و گیانی لەدەستداوە.
ئیدارەی گەرمیان لەسەر ڕووداوەکە هاتووەتەدەنگ و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: " بەھەموو شێوەیەک دژی ئەوە دەوەستینەوە لەژێر ھەر پاساوێکدا کچان و ژنان بکوژرێن، لێرەشەوە دوپاتیدەکەینەوە کە ئیدارەی گەرمیان ھاوکار و ھەماھەنگە بۆ ئەوەی تاوانبارانی ئەم کەیسە سزای یاسایی خۆیان وەربگرن."
ئاماژەی بەوەشكردووە: " جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەسەر ئەو تاوانە قێزەونە لەسەر ھێڵە و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکات.