ناس کورد-
45 کۆمپانیای بواری هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو رایدەگەیەنن، بەشێوەیەکی نایاسایی پشکی هاوردەکردنی ئاژەڵ دراوەتە ژمارەیەک کۆمپانیا کە لە بنەڕەتدا کۆمپانیاکان 3 کەس خاوەنییەتی و 31 کۆمپانیا بێبەشکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە یاداشتنامەیەکدا (23ی تشرینی دووەمی 2020) کە ئاڕاستەی حکومەت و رای گشتی کراوە و "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە 45 کۆمپانیای بواری هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو رایانگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی 2019 داواکارییان پێشکەشى وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندو، دوای رێکارەکان و جێبەجێکردنی رێنماییەکان، ژێر بەژێر پشکی مانگی 12 دراوە بە 14 کۆمپانیا کە لە بنەڕەتدا خاوەنی ئەو کۆمپانیایانە 3 کەسە و بۆ ئەوەش 31 کۆمپانیا بێبەشکراوە.
باس لەوەشکراوە، ئەوە گەندەڵی و ناحەقییەکی گەورەیە کە خودی وەزیر ئاگادارە و لەلایەن گروپێکی دەستڕۆشتووی وەزارەتی کشتوکاڵ بەڕێوە دەبرێت.
باسیان لەوەشکردووە،زانیاریمان هەیە ئەو پشکانە بە پارەیەکی خەیاڵی فرۆشراوە و ئەوەش هیچی کەمتر نییە لەو قاچاخچییەی کە لەمەرزەکان دەکرێت، بۆ ئەوەش داوادەکەین رێگری لەم غەدرە بکرێت و چیتر ئەم شارە نەبێت بە سوتەمەنی بەرژوەندی چەند تاقم و کەسێک.