گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوای موچەیان کرد بەڵام سزادران

دادگای سلێمانی؛ دوای مانگرتنیان بۆ داواکردنی موچە سێ فەرمانبەر گوازرانەوە

2020.11.23 - 14:03
دادگای سلێمانی؛ دوای مانگرتنیان بۆ داواکردنی موچە سێ فەرمانبەر گوازرانەوە

ناس کورد-

بەهۆی مانگرتن لە بەرامبەر دواکەوتن و پێنەدانی موچە، سێ فەرمانبەری دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی سزادران و گوازرانەوە بۆ سێ فەرمانگەی جیاواز، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، تەنها نیو کاتژمێر مانیانگرتووە و لەبەرامبەردا سێ فەرمانبەریان بەوشێوەیە سزادراون.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی "ناس کورد" دوێنێ یەکشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2020، فەرمانبەرانی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی لەبەرامبەر دواکەوتن و پێنەدانی موچە مانیان گرتووە.

 

ناس کورد لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی، بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، وەک سزایەک بڕیاری گواستنەوەی سێ فەرمانبەری دادگای داوە بۆ سێ فەرمانگەی جیاواز.

 

سەرچاوە ئاگادارەکە بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند: "مانگرتنەکە تەنها نیو کاتژمێری خایاندووە و لەدوای ئەوە بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکە و وەک سزایەک سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بڕیاری گواستنەوە سێ فەرمانبەری داوە، بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی دیکەش بترسن و کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنن."

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو سێ فەرمانبەرە ماوەیەکی زۆرە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی کار دەکەن و زۆر خەمباربوون بە گواستنەوەیان بەتایبەت کە داوای مافی خۆیان کردووە و هیچ سەرپێچییەکیان نەکردووە."

 

لەوبارەیەوە ناس کورد پەیوەندی بە وتەبێژی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی کرد، بەڵام ناوبراو بەردەست نەبوو. 

 

ماوەی چەند مانگێکە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نزیکەی 45 بۆ 60 ڕۆژ جارێک بە لێبڕینی بەشێکییەوە دابەش دەکرێت و ئەوەش فەرمانبەرانی توشی قەیرانی دارایی کردووە، لەئێستاشدا لەگەڵ ئەوەی نزیکەی 40 ڕۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلولدا، بەڵام دیارنییە موچەی مانگی تشرینی یەکەم کەی دابەشدەکرێت.