گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سزای نەبەستنی ماسک بەردەوامدەبێت؟

قائیمقامی هەولێر: سزای نەبەستنی ماسک ئەنجامی زۆر باشی هەبوو

2020.11.23 - 09:56
App store icon Play store icon Play store icon
قائیمقامی هەولێر: سزای نەبەستنی ماسک ئەنجامی زۆر باشی هەبوو

ناس کورد-

قائیمقامی هەولێر ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و بەتایبەت سزای نەبەستنی ماسک ئەنجامی باشی هەبووە و ئامارەکانی کۆرۆنا بەرەو کەمبوونەوە چوون، دەشڵێت، ئەگەرچی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان پابەندن، بەڵام سەدان کەس لەسەر نەبەستنی ماسک سزادراون و   بەردەوامیش دەبن لە ڕێکارەکانیان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەماوەی ڕابردوودا و لەگەڵ هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان چەند ڕێکارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە گیرانەبەر، بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر و سزای نەبەستنی ماسک یەکێک بوو لە بڕیارەکان.

 

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر (دووشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند: "ئەوکاتەی ڕێکارەکانمان گرتەبەر، ڕۆژانە نزیکەی یاخود زیاتر لە هەزار توشبوو لە هەرێم تۆماردەکران، بەڵام خۆشبەختانە لەدوای ڕێکارەکان و لە ئێستادا ئاماری ڕۆژانە توشبووان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و کارەکان ئەنجامی باشی هەبووە."

 

وتیشی، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاماری توشبووان، بەڵام ڕێکارەکانیان هەر بەردەوامدەبن و لیژنەکانیان بەردەوام چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن و هەرکەس ماسکی نەبەستبێت و پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت سزا دەدرێت.

 

پێشتر چەند جارێکیتر ئامارەکانی کۆرۆنا لە هەرێم بەرەو کەمبوونەوە چوون و بەشێک لە بەرپرسان مژدەی سەرکەوتنیان ڕاگەیاندووە و دواتر جارێکیتر ئامارەکان بەرزبوونەتەوە،

 

قائیمقامی هەولێر دەڵێت: "کەمبوونەوەی ئاماری توشبووان مانای سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسەکەدا نییە، ئەو ڤایرۆسە هەر ماوە و لێرەش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە هەر دەمێنێت، کاتی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا تەنها ئەوکاتەیە کە ڤاکسین بەردەست دەبێت و بۆ هاووڵاتیان بەکاردەهێنرێت."

 

نەبەز عەبدولحەمید جەختیشیکردەوە: "بەراورد بە سەرەتای ڕێکارەکانیان هاووڵاتیان زیاتر پابەند دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا بە سەدان کەس لەسەر ماسک نەبەستن سزادراون و بەردەوامیش دەبن لە کارەکانیان."