گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ناس كورد بەدواداچوونی بۆ دەكات

بۆچی دەرمان لە دەرمانخانەكانی سلێمانی گران كراوە؟

2019.05.14 - 14:34
بۆچی دەرمان لە دەرمانخانەكانی سلێمانی گران كراوە؟
ناس كورد- شەهرام عەزیز بەوتەی پەرلەمانتارێك سەندیكای دەرمانسازان لقی سلێمانی هەوڵی گرانكردنی نرخی دەرمان دەدات لە دەرمانخانەكانی ئەو شارە و سەندیكاش رەتیدەكاتەوە ئەو بڕیارە لەلایەن ئەوانەوە درابێت و رایدەگەیەنێت "بڕیاری زیادكردنی نرخی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستییەوە دراوە". . دوێنێ (دووشەممە) سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەهەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاشكرای كرد، سەندیكای دەرمانسازان-لقی سلێمانی نرخی دەرمانی گران كردووە و لەو بارەیەوە سەرجەم نرخەكانی بە سیدییەك بەسەر دەرمانخانەكاندا دابەشكردووە. . جێگری نەقیبی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان رەتیدەكاتەوە بڕیاری زیادكردنی نرخی دەرمان لەلایەن ئەوانەوە درابێت. . عەدنان بورهان، جێگری نەقیبی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند:"بڕیارەكە سەندیكا دەرینەكردووە، بەڵكو لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێشتر بڕیارەكە دراوە و ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەموو هەرێم دەگرێتەوە نەك تەنها سلێمانی، بەڵام سەرەتا لە سلێمانی جێبەجێكراوە". . جێگری نەقیبی سەندیكای دەرمانسازان ئاماژەی بەوەكرد، گرانبوونی نرخی دەرمان لەسەرجەم شوێنەكانی فرۆشتنی دەرماندا نییە، بەڵكو هەندێك شوێن هەبوون پێشتر كە بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕ دەرمانیان فرۆشتووە، ئەوەش سەرلێشێواوی لە بازاڕدا دروستكردبوو، بۆیە بڕیاردراوە، نرخی ئەو شوێنانەشی كە بە هەزران دەرمانیان فرۆشتووە ناچار بكرێن وەك شوێنەكانی دیكە دەرمان بفڕۆشن. . عەدنان بورهان روونیدەكاتەوە، بەشێك لەو دەرمانخانانە كە فرۆشێكی زۆریان هەبووە و دەرمانێكی زۆریان لە كۆمپانیاكانی دەرمان كڕیوە، بۆ نمونوە لە بەرامبەر كڕینی 100 پارچە دەرماندا كۆمپانیاكە 20 پارچەی بە بێبەرامبەر داونەتێ، ئەو دەرمانخانانەش بە بڕێكی هەرزانتر فرۆشتوویانە و قازانجەكەیان لەو 20 پارچە بێبەرامبەرەدا قەرەبوو كردووەتەوە. . عەدنان بورهان لەو بڕوایەدایە بەگشتی نرخی دەرمان لە هەرێم گرانە و حكومەتیش كەمتەرخەمە و پێویستە بەدواداچوون بكات و پێداچوونەوە بەو نرخانەدا بكات، كە كۆمپانیاكانی دەرمان دایدەنێن. . وتیشی "ناكرێت حكومەت ڕێگە بدات كۆمپانیاكانی دەرمان قازانجێكی خەیاڵی بكەن لەسەر حسابی هاوڵاتیان". . دەشپرسێت"ئەگەر كۆمپانیاكانی دەرمان قازانجێكی خەیاڵی نەكەن، چۆن دەتوانن دەرمان بێبەرامبەر بدەن بەو شوێنانەی فرۆشتنی دەرمان كە فرۆشیان زۆرە؟". . سۆران عومەر لە نووسینەكەی دوێنێیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "بەپێی نرخە نوێیەكەی سەندیكا دەرمان هەیە 50٪ بۆ 60٪ تا 100٪یش قازانجی خراوەتەسەر". . جێگری سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، لە زۆر وڵاتدا زۆری شتومەكی جیاواز دەبێتە هۆی دروستبوونی كێبڕكێ بۆ هەرزانكردنی نرخ، بەڵام لە هەرێم بەپێچەوانەوەیە و كۆمپانیاكانی دەرمان كێبڕكێ دەكەن بۆ گرانكردنی نرخ، ئەوەشی بە كەمتەرخی حكومەتی هەرێم زانی. .