ناس کورد-
موقتەدا سەدر دوو مەرجى خۆى بۆ بەشداری هەڵبژاردن راگەیاند، ئەویش مسۆگەرکردنى زۆرینەیەکى سەدری لە پەرلەمان بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆکایەتى وەزیرانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەدر (22ى تشرینى دووەمى 2020) لە تویتێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە نوسیویەتى "ئەگەر دیم هەڵبژاردن دەبێتە هۆى بەدەستهێنانى زۆرینەیەکى سەدری لە پەرلەمان و دواى ئەوەش پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران بەدەستدەهێنین، ئەوە بەیارمەتى ئەوان بەردەوام دەبم و لەگەڵیاندا پرۆژەى چاکسازى لەناوخۆ ئەنجام دەدەین، ئەوکاتە بڕیارى بەشدارى هەڵبژاردن دەدەم".
ئاماژەى بەوەشکردووە "لەم حاڵەتەدا ئەو هۆکارەکەى بووەتە هۆى سوێندخواردنم بۆ بەشدارینەکردن لادەچێت و منیش ئازاد دەبم".
ئەوە لەکاتێکدایە ساڵح محەمەد عێراقى وەزیرى متمانەپێکراوى سەدر ( شەممە 14ى تشرینى دووەمى 2020) لە تویتێکدا کە ناس کورد بینیویەتى لەزارى موقتەدا سەدرەوە نوسیویەتى "ژەهر دەخۆم کاتێک بیر لە بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتوو دەکەمەوە، ئەگەر بەئاشکرا بڵێم بەشدارى ناکەم توشى بەڵا و ماڵوێرانى دەبم".
لەبارەى هۆکارى ئەوەوە، وەزیرى سەدر لەزارى سەدرەوە گواستویەتییەوە "ئەم جارەیان دوژمن تەنها گەندەڵى نییە تا خۆتى لێبپارێزیت، بەڵکو خەڵکێک دروستبوون پێگەى ئاینى لەق دەکەن و خراپەکارییان قبوڵە و هاوڕەگەزبازى بەیاسایی دەکەن و سەرخۆشى و خراپەکارى بڵاودەکەنەوە".
هەروەها بەوتەى ساڵح محەمەد عێراقى، سەدر باسى لەوەشکردووە "تا ئێستا بڕیارمنەداوە بەشدارى بکەم سەربارى ئەوەش داوا لە خۆشەویستانم دەکەم خۆیان بۆ هەموو شتێک ئامادە بکەن".